لە کەرکووک و پارێزگاکانی عێراق؛ لایەنگرانی سەدر دژی ئەمریکا و ئیسرائیل رژانە سەر شەقام
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 4ـی نیسانی 2026، لەسەر داوای موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، هەزاران لایەنگری ئەو رەوتە لە بەغدای پایتەخت و چەندین پارێزگای دیکەی عێراق رژانە سەر شەقامەکان و بە بەرزکردنەوەی درووشمی جیاواز، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان بۆ سەر ئێران و عێراق بەتایبەتی کرد.
خۆپیشاندانەکان کاژێر 4:30ی پاشنیوەڕۆ دەستیپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ هەینی، 3ـی نیسانی 2026، موقتەدا سەدر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" کاتی دەستپێکردن و کۆتاییهاتنی گردبوونەوەکانی دیاری کردبوو.
کەرکووک؛ ئاڵای ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر شەقام کێشران
لە شاری کەرکووک، نزیکەی 700 لایەنگری سەدر بەشداری خۆپیشاندانەکەیان کرد.
ئاڵای ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر شەقامەکە کێشران و هێڵێکی سووریان بەسەردا کێشرا و خۆپیشاندەران بەسەریدا رۆیشتن، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، دواتر بە فەرمانێکی بەپەلە وێنەی ئاڵاکان لەسەر شەقامەکە سڕانەوە، گوایە لە ترسی دروستبوونی پشێوی لابردراوە.
شێخ حەلیم فەتلاوی، نوێنەری موقتەدا سەدر لە عێراق، لە نێو خۆپیشاندانەکەی کەرکووک بە رووداوی گوت: "دەمانەوێت پەیامی عێراق دووپات بکەینەوە لە دژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. ئەم دەنگانە دەنگی هەق و ستەملێکراوانن بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێین گەلی عێراق رێگە نادات داگیرکار لەسەر خاکی وڵاتەکەی بێت."
فەتلاوی ئاماژەی بەوەش کرد، پەیامی ئەوان ئاشتییە و گوتی: "ئەم پەیامەی ئێمە دەگات و دووژمن لێی دەترسێت، نەک هەر دەیبیستن."
هەر لە کەرکووک، شێخ حازم ئیبراهیمی، نوێنەری سەدر لە پارێزگاکە رایگەیاند: "لەسەر داوای سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر و دژی هێرشی دووژمنانی زایۆنی و ئەمریکا لێرەین. ئێمە کەسی ئازیزمان لەدەستدا، بۆیە سەرکۆنەی هەموو هێرشەکان دەکەین و پەیاممان ئاشتییە."
بەغدا
لە گۆڕەپانی تەحریری ناوەڕاستی بەغدا، هەزاران کەس گردبوونەوە و درووشمی "نا نا ئەمریکا، نا نا ئیسرائیل"یان دەگوتەوە. شێخ سەباح ساعدی، بەرپرسی باڵای رەوتی نیشتمانیی شیعە بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە نامانەوێت بخزێینە نێو ئەو جەنگەوە، دەمانەوێت بە ئاشتی کێشەکان چارەسەر بکرێت."