پێنج مێرمنداڵ لە واست پێکەوە خنکان


رووداو دیجیتاڵ

لە ناوچەیەکی سەر بە قەزای کووت لە پارێزگای واست، پێنج مێرمنداڵ لەکاتی مەلەکردن پێکەوە خنکان کە بە گوتەی بەرپرسێکی ئەو شارە تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمترە.
 
رۆژی دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، حەبیب بەدری، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای واست بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رووداوەکە ئێوارەی یەکشەممە لە زۆنگاوی شوێچە روویداوە و ئەو پێنج مێرمنداڵە تەمەنیان 15 ساڵانی تێپەڕ نەکردووە و خەڵکی ناوەندی پارێزگاکەن و سەر بە هۆزی (درێع)ن، لەکاتی مەلەکردندا کەرەستەی پێویستی رێگری لە نوقومبوونیان پێنەبووە."
 
حەبیب بەدری رایگەیاند: "دوای تەواوبوونی رێکارەکانی پزیشکی دادی واسیت، تەرمەکانیان بەخاک سپێردراون."
 
زۆنگاوی شوێچە لە رۆژهەڵاتی رووباری دیجلەیە لە رۆژئاوای قەزای کووت لە پارێزگای واست.
 
سەرۆکى لیژنەى ئەمنى ئەنجوومەنى پارێزگاى واست رایگەیاند، ئەو رووداوە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زۆنگاوی شوێچە بووە بە کاریگەریی زۆری بارانبارین، ئەو ناوچەیەش جێگەی گەشت و سەیرانی هاووڵاتییانە.
 
فەرماندەیی پۆلیسی واست لە راگەیێنراوێکدا لەبارەی ئەو رووداوە هۆشداریی داوەتە خێزانەکان بەوەی کە رێگە بە منداڵەکانیان نەدەن لەو رووبار و گۆماوانەدا مەلە بکەن کە پارێزراو نین و تایبەت نین بە مەلەکردن.