بەرپرسێکی سادیقوون: سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا گرنگە و پەیامێکی ئەرێنییە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی بزووتنەوەی سادیقوون رایگەیاند، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا گرنگە و دوای ئەو کرانەوەیە دێت کە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دروست بووە.
ئەحمەد عەدنان، ئەندامی دەستەی گشتیی بزووتنەوەی سادیقوون، باڵی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی، رۆژی دووشەممە، 4ی ئایاری 2026، لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەردانەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گرنگە و دوای ئەو کرانەوەیە دێت کە لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستاندا دروست بووە. حکومەتی ناوەندی و هەموو لایەنە سیاسییەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، یان لەسەر ئاستی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، هیوایان بەو سەردانە هەیە."
ئەحمەد عەدنان گوتیشی: "دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵوێستی هەبوو کە بەشداری لە حکومەتدا ناکات و نیگەرانە لە حکومەتی ناوەند. ئەم سەردانە پەیامێکی ئەرێنی و دڵنیاییە بۆ ناوەند و گەلی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، دەتوانرێت بگەنە رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەبارەی شایستە دەستوورییەکانی کورد لەم حکومەتەدا."
ئەمڕۆ دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لە نووسینگەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لەگەڵ سەرکردەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە.
بە گوتەی ئەندامەکەی دەستەی گشتیی بزووتنەوەی سادیقوون، وردەکاریی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی و لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بارەی پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان، دەخرێتە بەردەم ئەو لیژنەیەی کە بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری و دیاریکردنی پشکەکان دروست کراوە.
ئەحمەد عەدنان ئاماژەی بەوەدا دیدار و کۆبوونەوەکان دوو تەوەری سەرەکییان دەبێت؛ یەکەمیان، تاوتوێکردنی لێکتێگەیشتنەکان لەسەر شایستە دەستوورییەکان و دووەمیشیان، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، وەک مووچە، نەوت و ناوچە کێشە لەسەرەکان، کە پێویستە بگەنە رێککەوتن لەبارەیانەوە.
ئەندامەکەی دەستەی گشتیی بزووتنەوەی سادیقوون راشیگەیاند، هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکیی کۆمەڵگەی عێراقە و بزووتنەوەی سادیقوون هەمیشە بەشێک بووە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، نەک بەشێک لە کێشەکە. ئاماژەی بەوەش کرد کە سادیقوون خوازیارە کێشەی مووچە و هەموو کێشەکانی دیکە چارەسەر بکرێن و باوەڕیان بەوەیە کە عێراق یەک پارچەیە "لە زاخۆوە تاوەکو فاو."