نێچیرڤان بارزانی و عەلی زەیدی: قۆناخەکە پێویستی بە کاری پێکەوەیی هەموو لایەکە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە و "جەختیان لە گرنگیی خێراکردن لە پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی کارامە کردەوە."
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 04-05-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە درێژەی زنجیرە دیدارەکانیدا لە بەغدا، لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراقی فیدراڵى کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی وێڕای دووپاتکردنەوەی پیرۆزبایی بۆ راسپاردنی بە ئەرکی سەرۆکایەتیی حکومەت، هیوای سەرکەوتنی بۆ زهيدى خواست؛ هەروەها ئامادەیی و پشتگیریی تەواوی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ و سەرکەوتنی حکومەتەکەی دەربڕی.
وەکو لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لای خۆیەوە زەیدی سوپاس و پێزانینی بۆ هەڵوێستی ئەرێنی و پشتگیرییەکانی نێچیرڤان بارزانی نیشان دا، "ههروهها هەردوولا جەختیان لە گرنگیی خێراکردن لە پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی کارامە کردەوە، کە ببێتە چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان و وەڵامدەرەوەی ئاڵنگارييهكان و ویست و داواکارییەکانی هاووڵاتییان بێت."
ههر لەوبارهيهوه، هەردوولا، "داكۆكييان لە کارکردنی هاوبەش کردەوە بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆ کێشەکانی عێراق بهگشتى و هەولێر و بەغدا بهتايبهتى، بە شێوەیەک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەموو لایەک پارێزراو بن."
لە کۆتاییدا، هەردوولا هاوڕا بوون، "قۆناخەکە پێویستی بە هەماهەنگیی ئاستبەرز و کاری پێکەوەیی نێوان تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکان هەیە، بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و هەنگاونان بەرەو داهاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر بۆ تهواوى وڵات."