ئەمینداری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ رووداو: لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی نەخشەڕێگەمان بۆ داهاتوو دانا

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی باس لەوە دەکات، کۆبوونەوەکەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بووەتە هۆی "داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک بۆ داهاتوو." دەشڵێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو حکومەتی نوێ پێکدەهێندرێت.
 
عەباس عامری، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەک هەمیشە، ئەو کەشەی کە بەڕێز سەرۆک نێچیرڤانی تێدایە، کۆبوونەوەی ئەرێنی و پڕ لە رێکاری کردەیین."
 
ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، "دیدارەکە گەشبینی و لێکتێگەیشتن تێیدا زاڵ بوو. نەخشەڕێگەیەک بۆ داهاتوو دانراوە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها پەیوەندی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی دیموکراتی کوردستان."
 
سەبارەت بە وادەی یەکلاکردنەوەی کابینە وەزارییەکە و راگەیاندنی حکومەتی نوێ، عەباس عامری گوتی، چاوەڕوان دەکرێت کە لە "سەرەتای هەفتەی داهاتوو"دا حکومەت پێکبهێنرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق؛ عەلی زەیدی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کۆبووەوە. بڕیاریشە لەگەڵ هێزە سوننەکان کۆبێتەوە.
  
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەرەبەیانیی ئەمڕۆ رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەیدا زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی باڵای عێراق دەکات و تێیاندا پرۆسه‌ى سیاسی، پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراقى فيدراڵى، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چەندین پرسی دیکە تاوتوێ دەکرێن.