نێچیرڤان بارزانی و هەیبەت حەلبووسی: پێویستە دیدگاکان یەکبخرێنەوە بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە؛ هەردوولا جەختیان لە گرنگیی لێکگەیشتنی نێوان هێزە سیاسییەکان و هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 04-05-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هه‌ر لە به‌رده‌واميى دیدارەکانیدا لە بەغدا، لەگەڵ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵى کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بارودۆخی سیاسی و یاسایی وڵات و رۆڵی دامەزراوەی ياسادانان لە پشتیوانیکردنی سەقامگیری تاوتوێ کران، "هەردوولا جەختیان لە گرنگیی لێکگەیشتنی نێوان هێزە سیاسییەکان و هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتیی وڵات بکات."
 
 
وەکو لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە قۆناخی داهاتوو لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە بێت و کارکردن بۆ پەسندکردنی ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە و مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکان دەپارێزن، لە پێشینەی کارەکانی پەرلەمان و حکومەتدا بێت.
 
هاوکات نێچیرڤان بارزانی و حەلبووسی جەختیان لە پێویستیی یەکخستنی دیدگاکان کردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی مافی هاووڵاتییان.
 
 
دۆخی ناوچەکە و لێكه‌وته‌كانى، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو. تیایدا جەخت لە پاراستنی ئارامى و سه‌قامگيرى و بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و تێوه‌نه‌گلانى له‌ ئاڵۆزييه‌كان، کرایەوە.