نێچیرڤان بارزانی و موسەننا سامەڕائی پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێیان لە بەغدا تاوتوێ کرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە درێژەی دیدارەکانیدا لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کۆبووەوە. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیان پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بوو.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی هاوپەیمانیی عەزم، ئەمرۆ دووشەممە، موسەننا سامەرائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا، پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان و بەتایبەتی دۆسیەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق دوای راسپاردنی عەلی زەیدی خرانە بەرباس. "هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و لێکگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆ ئەو کێشانەی کە ساڵانێکە لەنێوان هەردوو حکومەتدا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە."
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، موسەننا سامەرائی و نێچیرڤان بارزانی جەختیان لە پێویستیی بەشداری و رۆڵی کاریگەری هەرێمی کوردستان لە ناوەندی بڕیاری سیاسی لە بەغدا کردەوە؛ "هەردوولا پاڵپشتیی خۆیان بۆ پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت لەناو وادە دەستوورییەکاندا دەربڕی، بە ئامانجی خێراکردنی هەنگاوەکانی خزمەتگوزاری و سەقامگیری."
هاوپەیمانیی عەزم رایگەیاندووە، "ئەم جۆرە دیدار و لێکگەیشتنانە دەرفەتی زیاتر بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی هاوکاریی سیاسی دەڕەخسێنێت کە لە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکاندا بێت."
ئەم دیدارەی نێچیرڤان بارزانی لە چوارچێوەی ئەو سەردانە فەرمییەدایە کە ئەمڕۆ دووشەممە بۆ بەغدا کردی و لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق؛ عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و سەرکردە سوننەکان کۆبووەوە.