عێراق بە هاوکاریی هەرێمی کوردستان باندێکی نێودەوڵەتیی مادەی هۆشبەری دەستگیر کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای هەواڵگریی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی "جۆری" و هاوبەشدا لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، توانیویانە باندێکی گەورەی قاچاخچێتیی مادەی هۆشبەر دەستگیر بکەن و دەستبەسەر "زیاتر لە ملیۆنێک حەبی کەپتاگۆن و 100" کیلۆگرام حەشیشدا بگرن.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق، کە ئەمڕۆ دووشەممە 4ی ئایاری 2026 بڵاوکراوەتەوە، ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کراوە، "ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە پوچەڵکردنەوەی هەوڵێکی گەورەی قاچاخکردنی مادەی هۆشبەر بووە کە مەبەست لێی گواستنەوەی بووە لە نێو خاکی عێراقەوە بەرەو وڵاتانی دراوسێ."
 
دەزگای هەواڵگری ئاماژەی بەوە کردووە، کە پڕۆسەی ناسینەوە و چاودێریکردنی ئەندامانی باندەکە بە پشتبەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگری بووە. ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوکاریی راستەوخۆی "دەزگای زانیاری" و "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە پارێزگای سلێمانی" بەڕێوەچووە، کە تێیدا توانراوە ئەندامانی باندەکە لە چەند پارێزگایەکی جیاواز راو بنرێن و دەستگیر بکرێن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەندامانی ئەم باندە تاوانکارە لە هاووڵاتییانی عێراقی و بیانی پێکهاتبوون. لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستبەسەر زیاتر لە یەک ملیۆن حەبی کەپتاگۆن و 100 کیلۆگرام مادەی حەشیشدا گیرا و سەرجەم ئەندامانی باندەکە رادەستی یاسا کران."