هەرێم کەمال ئاغا: هەفتەی داهاتوو دەنگ بە کابینەکەی عەلی زەیدی دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی. هەرێم کەمال ئاغا دەشڵێت: "هەفتەی داهاتوو پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بۆ دەنگدان بە بەرنامەی حکومەت و وەزیرەکان دەکات."
رۆژی دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژ کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات.
هەرێم کەمال ئاغا، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی پێکهێنانی حکومەت و ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا لایەنە سیاسییەکان خەریکی گفتوگۆی کۆتایین لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان و داڕشتنی بەرنامەی کار.
گوتیشی: "هەر پێکهاتەیەک تیمێکی تایبەتی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پۆستەکان و جێگیرکردنی داواکارییەکانی لە ئەجێندای حکومەتی داهاتوودا پێکهێناوە."
کاتی دەنگدان و میکانیزمی پەسندکردن
سەبارەت بە کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمان، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی گوتی: "پێشبینی دەکرێت رۆژی شەممە یان یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی تایبەت بۆ دەنگدان بە کابینەکەی عەلی زەیدی بکات. ئەگەر تاوەکو ئەو کاتە لایەنەکان لەسەر هەموو وەزارەتەکانیش رێکنەکەون، ئەوا بە سیستمی (50+1) دەنگ بەو وەزیرانە دەدرێت کە یەکلایی کراونەتەوە و وەزارەتەکانی دیکە بۆ دانیشتنەکانی دواتر جێدەهێڵدرێن."
نەخشەی دابەشکردنی وەزارەتەکان
هەرێم کەمال ئاغا وردەکاریی دابەشکردنی وەزارەتەکانی خستە روو و رایگەیاند، گفتوگۆکان بەم شێوەیەن:
- شیعەکان: 11 بۆ 12 وەزارەت.
- سوننە: 6 وەزارەت.
- کورد: 4 بۆ 5 وەزارەت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا گفتوگۆ لەسەر هاوکێشەی 11 بە 6 دەکرێت. کورد جگە لە وەزارەتەکان، پۆستەکانی سەرۆککۆمار، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی لە پشکدایە، بۆیە گۆڕانکاریی زۆر لە ئیستحقاقی کورددا روونادات.
سی ڤی بەربژێرەکان و کێشەی ناوخۆیی فراکسیۆنەکان
بەپێی گوتەی هەرێم کەمال ئاغا، کە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیشە، داوا لە هەموو لایەنەکان کراوە سی ڤی بەربژێرەکانیان پێشکێش بکەن. بۆ هەر وەزارەتێک 3 ناو پێشنیاز دەکرێت، بەڵام سەرنجی سەرەکی لەسەر ناوی یەکەم دەبێت.
گوتیشی: "لایەنە سوننەکان هێشتا لە ناوخۆیاندا لەسەر دابەشکردنی ئەو 6 وەزارەتە رێکنەکەوتوون، بەتایبەتی لەسەر وەزارەتەکانی پلاندانان، دارایی و کشتوکاڵ. هەروەها کێشە لەسەر وەزارەتی بەرگری هەیە کە پێویستی بە 16 خاڵ هەیە."
پێشنیازی 3 جێگر بۆ سەرۆککۆمار
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی باسی لە پێشهاتێکی نوێ کرد و گوتی: "پێشنیازی دیاریکردنی سێ جێگر بۆ سەرۆککۆمار هەیە، کە پێکهاتوون لە جێگرێکی شیعە، سوننە و تورکمان. ئەم پێشنیازە لە لایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە پشتگیریی لێکراوە و بڕیارە دەنگی لەسەر بدرێت."
ئاماژەی بەوەش کرد کە فراکسیۆنی "تەقەدووم" یەکێک لە جێگرەکانی سەرۆککۆمار وەردەگرێت.
بەڵێنەکانی عەلی فالح زەیدی بۆ کورد
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی، تیشکی خستە سەر دیدارەکانی عەلی زەیدی لەگەڵ لایەنە کوردییەکان و گوتی: "عەلی زەیدی وەک بەربژێرێکی سازش، لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کردووە. لە دیدارەکانیدا لەگەڵ ئێمە، بەڵێنی داوە کە پابەندی دەستوور بێت، پشتگیری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات و بتوانێت مافە دەستوورییەکانی کورد لە چوارچێوەی عێراقدا دابین بکات."
ئێستا لیژنەیەکی تایبەت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنەکان خەریکی وردبینیکردنی سی ڤی بەربژێرەکانە تاوەکو بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسییەکان، پۆستەکان بەسەر لایەنەکاندا دابەش بکرێن.