بەرپرسێکی حیکمە: نێچیرڤان بارزانی "کارنامەیەکی ورد"ی بۆ چارەسەری کێشەکان داوەتە چوارچێوەی هاوئاهەنگی
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمە، نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان مبارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، نێچیرڤان بارزانی کارنامەیەکی چڕ و پڕی بۆ چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا داوەتە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتیش دەگەڕێتەوە بەغدا.
سەباح ساڵحی، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمە، کە لە کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و عەممار حەکیم ئامادەبووە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "نێچیرڤان بارزانی بە کارنامەیەکی چڕەوە چووەتە بەغدا و وەرەقەیەکی پێشکێشی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردووە بۆ چارەسەری کێشەکان لە کابینەی داهاتوودا، سەرکردەکانی چوارچێوەکەش بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن."
لەبارەی هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە فراکسیۆنەکەی لە بەغدا کشاندووەتەوە، سەباح ساڵحی گوتی: "پارتی یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەم سیستمە. زانیاریمان هەیە کە لە 20 رۆژی رابردوودا پارتی پێداچوونەوەی بۆ ئاستەنگەکان کردووە. لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ عەمار حەکیم، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پارتی پێداگیرە لە پەیوەندییەکان و کاری جیدی لەگەڵ بەغدا و پاڵپشتیی حکومەتی نوێ دەکەن، ئەمەش دڵنیایی دا کە پارتی دەگەڕێتەوە بەغدا."
نێوەڕۆکی کارنامەکەی نێچیرڤان بارزانی چییە؟
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی رەوتی حیکمە، کارنامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر چەند خاڵێکی ستراتیژی کردووەتەوە، لەوانە:
- چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
- کاراکردنەوەی مادە دەستوورییە پەکخراوەکان.
- یاسای نەوت و گاز، یاسای دادگەی فیدراڵی و یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی.
ساڵحی گوتی: "شاندەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیان کردەوە کە ئەوان پابەندی دەستوورن، بەڵام گرفتەکە لە جێبەجێکردندایە، چونکە نزیکەی 50 مادەی دەستووری هەن کە تاوەکو ئێستا یاسایان بۆ دانەڕێژراوە."
هەفتەی داهاتوو 50٪ـی کابینەکە متمانە وەردەگرێت
لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، سەباح ساڵحی گوتی: "چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو 50٪ـی پێکهاتەی کابینەی حکومەت متمانە وەربگرن بۆ ئەوەی حکومەتەکە بە یاسایی دەستبەکاربێت و دواتر گفتوگۆ بۆ پڕکردنەوەی وەزارەتەکانی دیکە بەردەوام بێت."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمە باسی لەوەش کرد کە چەند پێشنیازێک هەن بۆ ئەوەی سەرۆکوەزیران 3 یان 4 جێگری هەبێت و هەندێک وەزارەت تێکەڵ بکرێن، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتاییان لەسەر نەدراوە.
رۆژی دووشەممە، 04-05-2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، محەممەد شیاع سوودانی، عەلی زەیدی (راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت)، عەمار حەکیم و ئەنجوومەنی نیشتمانیی سوننەکان کرد.