چوارچێوەی هاوئاهەنگی: لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی تاوتوێی پێکهێنانی حکومەت کرا
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێ، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی باسیان لە پرسەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کردووە و شاندەکە چەند پێشنیازێکی خستووەتەڕوو بۆ دەوڵەمەندکردنی کارنامەی حکومەتەکە.
دووشەممە 4ی ئایاری 2026، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی بڵاوکردەوە.
ئەو هاوپەیمانێتییە رایگەیاند، لیژنەی سەرکردایەتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تایبەت بە دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە و تاوتوێی چەند دۆسیەیەک و پرسێکی پەیوەندیدار بە پێکهێنانی حکومەتیان کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند پێشنیاز و تێڕوانینێکی خستەڕوو کە دەکرێ رۆڵیان هەبێ بۆ دەوڵەمەندکردنی کارنامەی حکومەت، بە شێوەیەک کە خواستەکانی هاووڵاتییان دەستەبەر بکرێ و سەقامگیریی سیاسیی وڵات بەهێز بکرێ."
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی باس لەوە دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا ئاڵوگۆڕی تێڕوانینەکان لەبارەی شێوازەکانی هاوکاریی نێوان هێزە سیاسییەکان کراوە، جەختیان کردووەتەوە لە گرنگیی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ گەرەنتییکردنی پێکهێنانی حکومەتێک کە بتوانێت رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە، گەشەپێدان و خزمەتگوزاری بهێنێتە دی.
دووشەممە نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێک چووە بەغدا و لە نووسینگەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لەگەڵ سەرکردەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە.
بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوەیەکی دیکە لەگەڵ ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان ئەنجام بدات.