ئەندامێکی رەوتی حیکمە: رۆژانی داهاتوو دانیشتنێکی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی حکومەت دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق، کە هاوکات ئەندامی رەوتی حیکمەیە دەڵێت، بڕوای وایە کە لە رۆژانی داهاتوودا بانگهێشتی دانیشتنێکی پەرلەمان دەبێت بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی حکومەت.
عەبدوڵڵا زەیدی، راوێژکاری سەرۆککۆمار و ئەندامی رەوتی حیکمە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە لە سەروبەندی پێکهێنانی حکومەتی نوێداین، لەو بڕوایەدام لە رۆژانی داهاتوو لە شەممە یان دواتر، بانگهێشتی دانیشتنێکی پەرلەمان دەبێت بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی حکومەت، بۆیە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی و گفتوگۆکان و هەڵگرتنی ئاستەنگەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بنەمایەکی سەرەکی و گرنگە بۆ ئەو قۆناخە."
ئەو ئەندامەی رەوتی حیکمە هیوای خواست لەو کۆبوونەوەیەدا "رێککەوتن لەسەر شێوەی حکومەت بکرێت لەگەڵ قەبارەی نوێنەرایەتی لەو حکومەتە، هەروەها پشتیوان بە خوا هەڵگرتنی ئەو ئاستەنگانەی پێشتر رووبەڕووی بووینەوە لەنێوان هەولێر و بەغدا."
عەبدوڵڵا زەیدی سەردانی سەرکردەکانی کورد بۆ بەغدا "بە شتێکی نوێ" نازانێ، بەتایبەت سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.