بەڤیدیۆ.. ئەشكەنجەدانی ئاوارەكانی فەللوجە لەلایەن حەشدی شەعبی
رووداو- هەولێر
لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکاندا چەند گرتە و دیمەنێکی ڤیدیۆیی بڵاوبوونەتەوە، کە تێیدا چەکدارانی حەشدی شەعبی ئازار و ئەشکەنجەی ئاوارەکانی فەللوجە دەدەن و بێڕێزییان پێدەکەن، ئەمەش ناڕەزایی و نیگەرانی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت لای سوننەکان.
رەعد سلێمان، شێخی یەکێک لە هۆزەکانی ئەنبار بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "زیاتر لە 60 رۆژە داعش لە فەللوجە کشاوەتەوە، حکومەتی عێراقمان لەوە ئاگادارکردووەتەوە، ئەوانەشی ئێستا لە فەللوجە شەڕ دەکەن دانیشتووانی شارۆچکەکەن و دەترسن حەشدی شەعبی تاوان لەدژی خەڵکی سڤیلی شارەکە ئەنجام بدات".
ئەو شێخە دەڵێت:" بەڵگەی تەواویان لە دژی حەشدی شەعبی لایە، کە چۆن چۆنی مامەڵەی خراپ لەگەڵ خێزانەکانی فەللوجە دەکەن"، ئەو پێیوایە حەیدەر عەبادی کەسێکی لاوازە و بۆ ئەو پۆستە ناشێت، هێرشکردنە سەر ئاوارەکانی فەللوجەش لەئەستۆی عەبادییە.
لەبەرامبەردا کەریم نوری، گوتەبێژی حەشدی شەعبی بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت "حەشدی شەعبی بە باشی مامەڵە لەگەڵ دانیشتووانی فەللوجە دەکات، هیچ سەرپێچییەک لەسەر حەشدی شەعبی دژ بە دانیشتووانی فەللوجە تۆمار نەکراوە، دانیشتووانی فەللوجەش هیچ پەیوەندییەکیان بە داعشەوە نییە، بەشێوەیەکی مرۆڤدۆستانەش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت".
سوفیان عیساوی، راوێژکاری راگەیاندنی پارێزگای ئەنبار بۆ کاروباری هۆزەکان بە (رووداو)ی راگەیاند, کە سوهەیب راوی پارێزگاری ئەنبار راستەوخۆ بەدواداچوون بۆ رەوشی ئاوارەکان دەکات. راشیگەیاند، حەشدی شەعبی دەستدرێژی نەکردووەتە سەر دانیشتووانی فەللوجە و هیچ پێشلکارییەکیش تۆمار نەکراوە.
لەسەرەتای ساڵی 2014 و دوای كشانەوەی هێزە ئەمنییەكانی عێراق چەكدارانی داعش شارۆچكەی فەللـوجەیان كۆنترۆڵكرد، رۆژی دووشەممە 22/5/2016 حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شارۆچكەی فەللـوجەی لەدەست چەكدارانی داعش راگەیاند، تاوەكو ئێستاش چەندین ناوچەیان لە دەوروبەری شارۆچكەكە كۆنترۆڵ كردوونەتەوە.