تووشبووانى تاى خوێنبەربوون لە زیقار گەیشتە 50 کەس

رووداو دیجیتاڵ

شەش تووشبووى دیکەى تاى خوێنبەربوون لە پارێزگاى زیقار تۆمارکران، بەوەش کۆی ژمارەى ئەو کەسانەى کە لەسەرەتاى ئەمساڵەوە لەو پارێزگایە تووشی پەتاکە بوون، گەیشتە 50 کەس. وەک یەکەم پارێزگا لە رووى تۆمارکردنى تووشبووان، بەرپرسێکى تەندروستى زیقار دەڵێت: "نۆ تووشبوو لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن".
 
رۆژی 4ى حوزەیرانى 2023، د.حەیدەر حەنتووش، بەڕێوەبەرى یەکەى نەخۆشییە گواستراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیى تەندروستیی پارێزگای زیقار بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لە دوو رۆژى رابردوودا شەش تووشبووى دیکەى تاى خوێنبەربوون لە زیقار تۆمارکراون و براونەتە نەخۆشخانە، بەوەش تێکڕا ژمارەى ئەو کەسانەى کە لەسەرەتاى ئەمساڵەوە تووشى پەتاکە بوون، گەیشتووەتە 50 کەس و شەشیان گیانیان لەدەستداوە."
 
د.حەیدەر حەنتووش گوتى: "ئێستا نۆ لە تووشبووانى تاى خوێنبەربوون لە نەخۆشخانەن، کە چارەسەرى تەندروستى وەردەگرن".
 
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستیی عێراق، پارێزگاى زیقار لە ریزبەندى یەکەمى ئەو پارێزگایانەیە کە زۆترین تووشبووى تاى خوێنبەربوون و گیانلەدەستدانى بەهۆى پەتاکەوە تێدا تۆمار کراوە.
 
لەسەرەتاى ئەمساڵەوە زیاتر لە 140  تووشبووى تاى خوێنبەربوون لە عێراق تۆمارکراون، کە 22یان گیانیان لەدەستداوە، دوو لەوانەى گیانیان لەدەستداوە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بوون.