وەزیری بازرگانی عێراق: ملیۆنێک و 900 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی عێراق رایدەگەیێنێت، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بە باشی بەڕێوەدەچێت و تائێستا ملیۆنێک و 900 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە.
ئەسیر داود غرێری، وەزیری بازرگانیی عێراق ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 04-06-2023، بە میدیای فەرمی عێراقی رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران مانگێک لەمەوبەر رێنمایی رێکارەکانی خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی دەرکرد کە دوای 24 کاژێر لە رادەستکردن چەکەکانیان پێدەدرێت، ئەمەش وایکردووە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ بەباشی بەڕێوەبچێت.
وەزیری بازرگانیی عێراق گوتی، وەرزی ئەمساڵ باش بووە، باران باریوە، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بەردەوامە و عێراق دەگاتە خۆبژێوی. تائێستاش یەک ملیۆن و 900 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە و وەرگرتنیش لە نێوەڕاستی دایە.
سەرەتا حکومەتی عێراق بڕیاریدابوو 375 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام دوای رێککەوتنێکی هەولێر و بەغدا، بڕیاردرا 500 هەزار تۆن گەنم وەربگیرێت.
رۆژی چوارشەممە، 31-05-2023، کۆبوونەوەی لیژنەی تایبەت بە پلانی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بەڕێوەچوو کە لیژنەکە پێکهاتوون لە وەزیری کشتوکاڵی عێراق، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بەڕێوەبەری گشتیی دانەوێڵەی عێراق، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، وەزارەتی پلاندانان، نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبەغدا.
بەختیار حاجی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندی و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ناڕەزایەتییەکی زۆر لە ئەندامانی لیژنە ھەبوو بە بەرزکردنەوەی رێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، بەڵام لەکۆتاییدا توانییان ئەو رێژەیە بەرزبکەنەوە بۆ 500 ھەزار تۆن.
حکومەتی عێراق هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێت، جووتیاران نرخەکەیان پێ گونجاوە، بەڵام نیگەرانن لەوەی هەموو بڕە گەنمەکەیان لێ وەرناگیرێت.
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق لە رێگەی سایلۆکانەوە زیاتر لە 300 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرتبوو، لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن، لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن.
ساڵی رابردوو بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، ئەمساڵ کە لە 27ـی ئایارەوە وەرگرتنی گەنم دەستیپێکردووە، بەرهەم زۆرە و بۆ وەرگرتنەکەی حکومەتی عێراق سنووری داناوە.