پەرلەمانتارێکى پێشووى عێراق بە یاساى بە تاوانناساندنى ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل سزادرا
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکى پێشووى عێراق، بەپێى یاساى بە تاوانناساندنى ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل سزادرا؛ بەپێی سزاکە، نابێت لە میدیای عێراقی میواندارى بکرێت یان دەربکەوێت، بەهۆى ئەوەى لە کەناڵێکى ئیسرائیلی دەرکەوتووە.
بەگوێرەى نووسراوێکى دەستەى راگەیاندن و گەیاندنى عێراق کە 4ى حوزەیران ئاراستەى سەرجەم کەناڵەکانى راگەیاندنى کردووە، "نابێت لەمەودوا عومەر عەبدولستار محەممەد کە ئێستا وەک شرۆڤەکار دەردەکەوێت، لە کەناڵەکانیان میواندارى بکەن یان دەربکەوێت."
لە نووسراوەکەدا هاتووە کە ئەو بڕیارە بەپێى یاسای بە تاوانناساندنى ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بووە، بەهۆى ئەوەى کە وەک دەستەى راگەیاندن و گەیاندنى عێراق دەڵێت: "لە کەناڵێکى ئیسرائیلی دەرکەوتووە."
عومەر عەبدولستار محەممەد، ساڵى 1956 لە دیالە لەدایکبووە، لەنێوان ساڵانى 2005-2010 ئەندامى پەرلەمانى عێراق و جێگیرى سەرۆکى لیژنەى دەستپاکى بووە.
رۆژی 4ى ئایار، عومەر عەبدولستار محەممەد لە تویتەرى خۆى وێنەیەکى نووسراوەکەى دەستەى راگەیاندن و گەیاندنى بڵاوکردووەتەوە لەسەرى نووسیوە، "سوپاس بۆ خودا."
رۆژی 26-05-2022، پەرلەمانى عێراق بە دەنگى 276 پەرلەمانتار، پڕۆژەیاسای (بە تاوانناساندنى ئاساییکردنەوەى لەگەڵ ئیسرائیل) پەسندکرد کە لەلایەن رەوتى سەدر پێشکێش کرابوو.
سزاکانى ئەو یاسایە لەنێوان بەندکردنى تاهەتایی یان تاوەکو لەسێدارەدانە بۆ ئەو کەسانەى بەگوێرەى یاساکە تۆمەتبار دەکرێن.