دادگەی فیدراڵی بۆ رووداو: دوای تەواوبوونی رێژەی یاسایی بڕیار لەسەر دەرکردنی فەرمانسالاری لەبارەی مووچە دەدەین
رووداو دیجیتاڵ
سکاڵا لەسەر بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق لەلایەن چەند فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستانەوە لە دادگەی فیدراڵیی عێراق تۆمارکراوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی دادگەی فیدراڵی بە رووداوی گوت، لەبەر تەواونەبوونی رێژەی یاسایی فەرمانەکە دەرنەکراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، چواری حوزەیرانی 2025، وەسەن نووری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بە رووداوی گوت: "لە کۆی 9 دادوەری سەرەکیی دادگە، پێنج دادوەر بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج لە سعودیەن، بۆیە لەبەر تەواونەبوونی رێژەی یاسایی تاوەکو ئێستا بڕیار لەسەر داواکاری تایبەت بە فەرمانی سالاری بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەرنەکراوە."
وەسەن نووری گوتی، "دوای گەڕانەوەی دادوەران لە سعودیە و تەواوبوونی رێژەی یاسایی، بڕیار لەسەر بابەتی فەرمانی سالارییەکە بۆ بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت."
دادگەی فیدراڵی 9 دادوەری سەرەکی هەیە. بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی دادگەی فیدراڵی، پێویستە هەر 9 دادوەرەکە ئامادەبن بۆ بڕیاردان لەسەر هەر داواکاری و سکاڵایەک.
ئەو پێنج دادوەرەی بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج لە سعودیەن، یەکێک لەوان سەرۆکی دادگەی فیدراڵییە.
ئێستا لە دادگەی فیدراڵی چوار دادوەری سەرەکی دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن و چوار دادوەری یەدەگیش هەن، بەڵام بە دادوەرە یەدەگەکانیشەوە رێژەی یاسایی تەواو نابێت.
28-5-2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو کە وەزارەت ناتوانێ لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێ، بەهۆی "تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە."