محەممەد حەلبووسی: چارەسەرى ریشەیی نەدۆزرێتەوە کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام دەبن
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پارتى تەقدووم رایگەیاند: "ناکۆکى نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام دەبێ، ئەگەر چارەسەرێکى ریشەیی بۆ نەدۆزرێتەوە" و چەند پێشنیازێک بۆ چارەسەرى ئەو دۆخەش دەخاتەڕوو.
ئەو هەڵوێستەى محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پارتى تەقەدووم لە نووسینێکدا بوو کە (چوارشەممە چواری ئایارى 2025) لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس بڵاویکردەوە.
محەممەد حەلبووسی رایگەیاند: "ناکۆکى دووبارەبووەوەى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق و ئەو حکومەتانەش کە دێن، بەردەوام دەبن، ئەگەر چارەسەرێکى ریشەیی نەدۆزرێتەوە".
سەرۆکى پارتى تەقەدوومی سووننەکان تێڕوانینى خۆى بۆ چارەسەرى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا خستووەتەڕوو، لە رێگەى رێککەوتن و پابەندبوون بە چەند هەنگاوێک.
یەکێک لەو هەنگاوانەى حەلبووسی ئاماژەى پێداون ئەوەیە کە دەرهێنان، بەکارهێنان، فرۆشتن و هەناردەکردنى نەوت و گاز و سامانە سرووشتیەکان، پاراستنى سنوور و دەروازە سنوورییەکان و دیاریکردنى رسومات و پێناسى گومرگی لە دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى بێت.
یەکێک لە هەنگاوەکانى دیکە کە سەرۆکى پارتى تەقەدووم باسیان دەکات ئەوەیە حکومەتى فیدراڵى بەرپرسیارێتى خەرجى گەلى عێراق و دابەشکردنى تەرخانە داراییەکانى نێو بودجە بگرێتە ئەستۆ لە وەزارەت، پارێزگا و هەرێمەکان بە گوێرەى ژمارەى دانیشتووان، لەگەڵ هەژمارکردنى ئەو رێژە سەدییەى رێککەوتنى لەسەر کراوە لەبارەى داهاتى هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانى نەوت و ئەو پارێزگایانەى دەروازە سنوورییان هەیە.
ئەو پێشنیازانەى حەلبووسى لەکاتێکدان، حکومەتى فیدراڵی مووچەى مانگى ئایارى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانى بە پاساوى نەمانى تەرخانى دارایی نەناردووە.