عێراق و تورکیا گرێبەستێک واژۆدەکەن؛ هاوردەکردنى کارەبا دەکرێتە دوو هێندە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى کارەباى عێراق گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکى تورکیا واژۆ دەکات بۆ زیادکردنى بڕى کارەباى هاوردەکراو لەو وڵاتەوە بۆ دوو هێندەی ئەو بڕەى پێشتر هاوردەى دەکرد.
گرێبەستەکە رۆژی چوارشەممە چواری حوزەیرانى 2025، لەنێوان زیاد عەلى فازیل، وەزیرى کارەبای عێراق و نوێنەرانى کۆمپانیاى (Alifrin) تورکیا واژۆ کرا.
بە گوێرەى راگەیێندراوى وەزارەتى کارەباى عێراق، ئەو گرێبەستە بە دوو قۆناخ جێبەجێدەکرێت؛ سەرەتا 300 مێگاوات دەبێت و لە کەمتر لە مانگێکدا دەکرێتە 600 مێگاوات.
زیادکردنى بڕى کارەباى هاودەکراو لە تورکیاوە بە گوێرەى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران بوو؛ پێشتر 300 مێگاوات کارەبا هاوردە دەکرا و ئێستا دەکرێتە دوو ئەوەندە. چەند مانگێکە هاودەکردنى کارەبا بەهۆى تەواوبوونى ماوەى گرێبەستى پێشوویان راگیراوە.
ئەو کارەبایەى تورکیا لە رێگەى هێڵى جەزرە- کەسیک هاوردەى عێراق دەکرێت کە تواناکەى 400 کەى ڤییە.
بە گوێرەى وەزارەتى کارەبای عێراق، گرێبەستێک لەسەر بنەماى (Take and Pay) دەبێت، واتە بەگوێرەى بەکارهێنانى بڕى کارەبای هاوردەکراوە تێچووەکەى دەدرێت.
ئێستا عێراق توانای بەرهەمهێنانی 27 بۆ 28 هەزار مێگاوات کارەباى هەیە، بەڵام لە وەرزى هاوین خواست لەسەر کارەبا بۆ نزیکەى 54 هەزار مێگاوات بەرز دەبێتەوە.