کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق 50 هەزار کامێرا لە بنکەکانی دەنگدان دادەنێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ یەکەمجار نزیکەى 50 هەزار کامێراى چاودێرى لە ناوەندەکانى دەنگدان و تۆمارکردنى دەنگدەران دادەنێت بۆ چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، کە کۆتایی ئەمساڵ دەکرێت.
جومانە غەلای، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بۆ هێنانەدى شەفافیەت لە هەڵبژاردنەکاندا، بۆ یەکەمجار نزیکەى 50 هەزار کامێراى چاودێرى لە ناوەند و وێستگەکانى دەنگدان دادەنرێن.
جومانە غەلاى گوتى: "7000 ناوەند و 40 هەزار وێستگەى دەنگدان لە عێراق هەن، دوو کامێرا لە هەر ناوەندێکى تۆمارکردنى دەنگدان و کامێرایەک لە هەر ناوەندێکى دەنگدان دادەنرێت، بەڵام بەگوێرەى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران ئەو ناوەندانە ئەگەرى کەمبوون یان زیادبوونیان هەیە"
بڕیارە لە 18ى کانونى دووەم 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت، بۆ یەکەمجار لەدواى ساڵى 2005 ، ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک دەکرێت.
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئاماژە بەوەدا، بەگوێرەى یاساى هەڵبژاردنەکان کۆمیسیۆن ناچارە تەکنەلۆژیاى پێشکەوتوو بەکاربهێنێت لەوانە کامێراى چاودێری بەمەبەستى پاراستنى نھێنیى دەنگدان.
دوایین هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان کە لەعێراق کرابێت لە ساڵى 2013 بوو، لە ساڵى 2019 کارى ئەنجوومەنى پارێزگاکان سڕکرا.