پارێزگاری بەغدا لە پۆستەکەی لادەدرێت؛ 'بەردەوام دەبم'
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بە زۆرینەی دەنگ پارێزگاری لە پۆستەکەی لادا و کەسێکی دیکەی لە شوێنەکەی دانا، بەڵام پارێزگاری لەکار لادراو دەڵێت، "بڕیارەکە نایاسایی بووە و لە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانم بەردەوام دەبم".
شەوی سێی تەمموزی 2025، ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بە دەنگدان عەبدولموتەلیب عەلەوی لە پۆستی پارێزگار لادا و حەیدەر موحان لەبری ئەو متمانەی پێدرا بۆ ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرێت.
پارێزگاری لەکار لادراو و جێگرەوەکەیشى، سەر بە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسان، کە نووری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات.
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە راگەیێندراوێکدا ئەو گۆڕانکارییەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "هەموو جۆرە جووڵەیەک بۆ گۆڕینی پارێزگار رەتدەکەینەوە بەبێ ئەوەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە فەرمی ئەو پرسە تاوتوێ بکات".
عەلی عیساوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بە رووداوی راگەیاند، "پێشتر وادەی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەن رانەگەیێندرابوو و ئەندامانی ئەنجوومەن ئاگادار نەکرابوونەوە. نە سەرۆکی ئەنجوومەن و نە جێگرەکەشی ئامادە نەبوون، ڤیدیۆی کۆبوونەوەکەمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینی".
عەبدولموتەلیب عەلەوی، لە 5ـی شوباتی 2024 وەک پارێزگاری بەغدا هەڵبژێردرا، فراکسیۆنەکەی لە کۆی 52 کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکە، 9 ئەندامی هەیە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆی هەینی، 4ی تەمموز، عەبدولموتەلیب عەلەوی لە راگەیێندراوێکدا کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بۆ لادانی، بە "نایاسایی و ناشەرعی" ناوبرد، بەوپێیەی بە گوتەی ئەو، رێکارە ئوسوڵییەکانی تێدا نەگیراوەتەبەر.
پارێزگاری لەکار لادراوی بەغدا دەڵێت: "دووپاتی دەکەینەوە کە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییانەمان بەردەوام دەبین، کە بەپێی یاسا پێمان سپێردراوە".
پێشتر لە دووی شوبات، ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا فەرمانێکی کارگێڕی دەرکردبوو بۆ ئەوەی عەبدولموتەلیب عەلەوی خانەنشین بکرێت، بە پاساوی ئەوەی تەمەنی گەیشتووەتە تەمەنى یاسایی خانەنشینبوون.