کۆمیسیۆن: لە تەممووزدا لێکۆڵینەوە لە بەربژێران دەکرێت و لە ئابدا ناوەکان پەسند دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، لە مانگی تەممووزدا وردبینی لە دۆسیەی بەربژێرانی پەرلەمانی عێراق دەکەن و دەینێرن بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان، لە مانگی ئابدا ناوەکانیان پەسند دەکرێت.
 
رۆژی هەینی 4ی تەممووزی 2025 عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیژنەکانی کۆمیسیۆن دەستیانکردووە بە وردبینی لە دۆسیە و بەڵگەنامەی ئەو بەربژێرانەی ناویان پێشکێش کردووە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەر بەربژێرێک کێشە لە بەڵگەنامەکانیدا هەبێت، داوای لێدەکرێت راستی بکاتەوە."
 
26ی حوزەیران دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق داخرا.
 
عیماد جەمیل گوتی، "وردبینی لە زیاتر لە 7900 ناوی بەربژێردا دەکەین، کە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواو بکرێت و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان و لە مانگی ئابدا ناوەکانیان بە فەرمی پەسند دەکرێن."
 
ناوی بەربژێران دەدرێتە چەند وەزارەت و دامەزراوەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان، لەوانە: دەستەی دەستپاکی، لێپرسینەوە و دادوەری، وەزارەتەکانی ناوخۆ، خوێندنی باڵا و پەروەردە.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەم بکرێت. هەر پارێزگایەک لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بازنەیەکی هەڵبژاردنە.