کریستیانەکانی قەرەقۆش خۆپێشاندان دژی رژدنەبوونی حکومەتی عێراق لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانەکانی قەرەقۆش لە دەشتی نەینەوا لەسەر داوای ئەنجوومەنی مەترانەکانی نەینەوا، لە خۆپێشاندانێکدا ناڕەزاییان دژی حکومەتی عێراق دەربڕی کە بە گوتەی خۆیان، لە رابردوودا بە زۆرەملێ ئاوارە کراون و ئێستاش کە گەڕاونەتەوە، لە چارەسەرکردنی کێشەی کریستیانەکاندا بەغدا رژد نییە.
کریستیانەکان دەڵێن، هێزە ئەمنییەکان لە بازگەکاندا رێگرییان لێدەکەن و هەوڵدەدەن بێدەنگیان بکەن. ئەوان هەروەها داوای یاسایەکی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە، قەرەبووکردنەوە و دامەزراندنی گەنجەکانیان دەکەن.
ئێوارەی رۆژی هەینی، 4-8-2023، بە بەشداریی ژمارەیەک مەترانی پارێزگای نەینەوا و بەشێکی هاووڵاتییانی شارۆچکەی قەرەقۆش، بە سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی مەترانەکانی نەینەوا، خۆپێشاندان دژی حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرا. چەند سەرچاوەیەک لە قەرەقۆش بە رووداویان گوت، بەشێک لە هێزەکانی سەر بە رەیان کلدانی و وەعد قەدۆ هەوڵیاندا رێگری لە خۆپێشاندانەکە بکەن، بەڵام شکستیان هێنا.
مەتران بێندیکتۆس یۆنان، مەترانی سریانە کاسۆلیکیەکان لە خۆپێشاندانەکەدا گوتی، "هەموو رۆژێک دەست بەسەر زەویوزارەکانماندا دەگیرێت و گەنج و لاوەکانمان سووکایەتییان پێدەکرێت. ناوچەکان لە رووی ئەمنی و کارگێڕی و سیاسییەوە دابەشکراون و هەموو گوشارێکیش دەکرێت بۆ ئەوەی بێدەنگ بکرێین. نابێت ئەم کارە بەردەوام بێت." ئاماژەی بەوەشکرد کە "چەندین جار نووسراوی فەرمی"یان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە، بەڵام بەدەمیانەوە نەچوون.
رۆژی هەینی، دوای خۆپێشاندانەکە، خالید جەمال ئەلبێر، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کریستیانەکان لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، خۆپێشاندانی کریستیانەکانی قەرەقۆش دژی "ئەو هەموو بەڵێنانە بوو کە بەرپرسانی حکومەتی عێراق بە خەڵکی ناوچەکەیان داوە و جێبەجێیان نەکردوون."
خالید جەمال ئەلبێر گوتی، "حکومەتی عێراق بەڵێنی زۆری بە کریستیانەکان داوە و هیچیانی جێبەجێ نەکردووە، بەتایبەت لە بابەتی هەڵبژاردن و پشکی کریستیانەکان و کۆتاکان. لە بابەتی هەڵبژاردندا هیچ بەڵێنێک جێبەجێ نەکراوە کە لەکاتی سەردانی بەرپرسانی عێراقدا بە کریسیتیانەکان دراوە".
ئەنجوومەنی مەترانەکانی نەینەوا کە بەرپرسە لە سەرپەرشتیکردنی کاروباری کەنیسەکانی پارێزگاکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "دوای گەڕانەوەی کریستیانەکان لە ئاوارەکردنی زۆرەملێ، حکومەت لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان رژد نەبووە."
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "داوای دانانی یاسایەکی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە دەکەین کە تیێدا هەموو رۆڵەکانی گەلی عێراق بە پێکهاتە جۆراوجۆرەکانیانەوە یەکسان بن لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان لە دەسەڵاتی یاساداندا، دەبێت دڵنیایی بدرێت لە قەرەبووکردنەوەی کریستیانەکان و دامەزراندنی رۆڵە گەنجەکانی گەلەکەمان؛ دەبێت پشکی ئێمە لە دامەزراندن بپارێزرێت و لە لایەن حکومەتەوە بەرگری لێ بکرێت؛ پێویستە جەخت لە رێزگرتن لە پەرتووکە پیرۆزەکان و هێما ئایینییەکان بکرێتەوە و هەوڵەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیای دەشتی نەینەوا بووەستێنرێت."
مەتران بێندیکتۆس گلەیی لە بازگەکان کرد و گوتی ئەوەی کە تێیاندا روودەدات "بەڵگەیەکی سەلمێنەری ناسەقامگیری و بۆشایی ئەمنییە کە لەم ناوچەیەدا بەرجەستە دەکرێت".
مەترانەکە ئاماژە بە دەشتی نەینەوا دەکات کە موسڵمان، کریستیان و کوردی ئێزدی بە لقە جۆراوجۆرەکانیان تێیدا دەژین و داوادەکات "حکومەتی عێراق بێت و بزانێت کێ لەم عێراق بچووککراوەدا دەژیت."
لە بارەی هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکەشەوە دەڵێت، "هەموو رۆژ دەست بەسەر زەویوزارەکانماندا دەگیرێت و گەنج و لاوانمان سووکایەتییان پێدەکرێت و ناوچەکان لە رووی ئەمنی و کارگێڕی و سیاسییەوە دابەشکراوە و هەموو گوشارێک دەکرێت بۆ ئەوەی بێدەنگ بکرێین."
رەیان کلدانی و وەعد قەدۆ کە لیواکانیان لە دەشتی نەینەوا جێگیرکراون، تۆمەتبارن بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و لە لایەن ئەمریکاوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
رەیان کلدانی هەمان ئەو کەسەیە کە لە لایەن کاردینال لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراقەوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی هەڵمەتێکی دژی دەستپێکردووە و کاریگەری خستووەتە سەر سەرۆککۆماری عێراق بۆ ئەوەی مەرسوومێکی کۆماری هەڵبووەشێنێتەوە کە تایبەت بوو بە پێدانی پلەی پاتریارک بە کاردیناڵەکە؛ هەنگاوێک کە بووە هۆی ئەوەی ساکۆ بارەگای پاتریارک لە بەغدا جێبهێڵێت و رووبکاتە هەولێر.
رەیان کلدانی لە کاتی شەڕی دژی داعش لیوای بابلیۆنی لە نێو حەشدی شەعبیدا پێکهێنا و ئێستاش بەشێکی زۆری دەشتی نەینەوای لە ژێر دەستدایە.
هەروەها کلدانی پارتێکی سیاسیشی هەیە بە ناوی بزووتنەوەی بابلیۆن کە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ی پەرلەمانی عێراقدا، لە کۆی پێنج کورسیی کرستیانەکان، چواری بەدەستهێنان.
کلدانی لە لایەن ساکۆ و بەشێکی کرستیانەکانی دەشتی نەینەوە تۆمەتباردەکرێت بەوەی هەوڵدەدات خۆی بەسەر کاروبار و سامانی کرستیانەکاندا بسەپێنێت.
وەعد قەدۆ ناسراو بە ئەبوو جەعفەری شەبەکی، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی لیوای شەبەکەکان لە نێو حەشدی شەعبیدا و لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەدا کورسیێکی کۆتای شەبەکەکانی بەدەستهێنا. لە تەممووزی ساڵی 2019 بە تۆمەتی پێشێڵکردنی مافەکانی مرۆڤ ناوی خرایە لیستی سزاکانی ئەمریکا.
لیوای 30ی کە قەدۆ فەرماندایەتیی دەکات، دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، هێزەکانی لە بەشێک لە دەشتی نەینەوا بڵاوکردنەوە.