وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی رەوایەتی زیاتر دەبەخشێتە گرووپە چەکدارەکان

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی رەوایەتیی دامەزراوەیی زیاتر دەبەخشێتە ئەو گرووپە چەکدارانەی پەیوەندییان بە سەرکردە تیرۆریستەکانەوە هەیە." دیپلۆماتێکی پێشووی ئەمریکاش لە عێراق دەڵێت، هەڵوێستی ترەمپ لە ئەگەری پەسندکردنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی، زیادکردنی پێناسی گومرگی دەبێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 04-08-2025 گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی وڵاتەکەی سەبارەت بە پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی، کە ماوەیەکە لە پەرلەمانی عێراق هەرای ناوەتەوە، بە ئیمەیڵ وەڵامی پرسیارەکانی نیاز مستەفا، ئیدیتۆری دێسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
 
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەمریکا بە تووندی دژی هەر یاسایەکە کە ناکۆک بێت لەگەڵ ئامانجەکانی هاوکاری و هاوبەشیی ئەمنیی دووقۆڵیمان و، دژی بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێستای عێراق و سەروەریی راستەقینەی وڵاتەکە بێت."
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "ئەم پڕۆژەیاسایە رەوایەتیی دامەزراوەیی زیاتر دەبەخشێتە ئەو گرووپە چەکدارانەی پەیوەندییان بە قەوارە و سەرکردە تیرۆریستەکانەوە هەیە، لەنێویشیاندا ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، کارمەندانی ئەمریکییان کوشتووە."
 
ئەو پڕۆژەیاسایە جێگرەوەی یاسایەکە لە ساڵی 2016 لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی لەسەردرا، بۆئەوەی رەوایەتیی یاسایی بدرێتە پێکهێنانی دەستەی حەشدی شەعبی.
 
گوتەبێژەکە گوتی، "تێپەڕاندنی ئەم پڕۆژەیاسایە هەنگاوێکی یەکجار نایارمەتیدەر دەبێت."
 
هاوکات ڤینسنت کامپس، دیپلۆماتی پێشووی ئەمریکا لە عێراق کە میوانی ئەمڕۆی بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا لە ئەگەری تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، "گومانم هەیە لەوەی سەرۆک ترەمپ ئارەزووی سەپاندنی سزای بەسەر حکومەتدا هەبێت."
 
 
کامپس روونی دەکاتەوە، بە پشتبەستن بە هەنگاوەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە ماوەی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، پێدەچێت "ئامرازی دڵخواز"ی ئەو، پێناسی گومرگی بێت، نەوەک سەپاندنی سزا بەسەر وڵاتاندا.
 
بە گوتەی ئەو دیپلۆماتەی پێشووی ئەمریکا، زیادکردنی باجی گومرگی بووەتە "وەڵامدانەوەی ئۆتۆماتیکی"ی ترەمپ بۆ سزادانی وڵاتان لە بوارە جیاوازەکان؛ گوتیشی، "بۆیە، هیچ سەرسوڕهێنەر نابێت ئەگەر بڕیاری زیادکردنی باجی گومرگی لەسەر عێراقیش بدات."
 
پێشتر لە مانگی نیساندا، ئەمریکا پێناسی گومرگیی بە رێژەی 39% بەسەر عێراقدا سەپاند، بەڵام سەرەتای ئاب کەمکرایەوە بۆ 35%. ڤینست کامپس دەڵێت، لەوانەیە لەکاتی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی پێناسی گومرگی بەرز بکرێتەوە، "چونکە رێگەیەکی ئاسانترە و هەموو ئەوەی پێویستییەتی تەنیا واژۆیەکە لەسەر کاخەزێک. هەرچەند کردارەکانی ترەمپ بە تەواوی پێشبینی ناکرێن، بەڵام ئەگەری زۆرە باجی گومرگی ببێتە رێکاری سزادانی سەرەکیی بەرامبەر عێراق."
 
رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیەش ستیڤن فەیگن، هەڵسوڕینەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق نیگەرانیی وڵاتەکەی لەبارەی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی بۆ موحسین مەندەلاوی،  جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووپاتکرەوە.
 
23ـی تەممووزی ئەم ساڵیش مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا "نیگەرانیی قووڵی"ی وڵاتەکەی سەبارەت بە پڕۆژەیاساکە بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیاند.
 
تاوەکو یاسای دەستەی حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق پەسندنەکرێت، ناتوانرێت پڕۆژەیاسای خزمەتی ئەو دەستەیە پەسند بکرێت.