هەفتەی داهاتوو تیروپشک بۆ پێدانی ژمارە بە لیست و بەربژێرەکان دەکرێ
رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی یەکشەممەی داهاتوو یەکەمین پرۆسەی ئەزموونیی دەنگدان لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات. رۆژێک پێشتریش تیروپشک بۆ پێدانی ژمارەی هەڵبژاردن بە هاوپەیمانی و پارتەکان و بەربژێرەکان دەکات.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 4ی ئابی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمیسیۆن رۆژی 10ی ئەم مانگە کە دەکاتە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، یەکەمین تاقیکردنەوەی ئەزموونی لە 1079 وێستگەی دەنگدان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات."
گوتەبێژەکەی کۆمیسیۆن روونیکردەوە، تاقیکردنەوەکە لە ناوەندەکانی تۆمارکردن و 20 نووسینگەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەبێت و فەرمانبەرانی کۆمیسیۆنیش وەک دەنگدەر بەشداریی تێدا دەکەن. هەروەها گوتی: "لە هەر پارێزگایەک وێستگەیەکی دەنگدانی تایبەت بە هاوئاهەنگی لایەنە ئەمنییەکان دەکرێتەوە."
جومانە غەلای ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانج لەم کارە ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دڵنیابوونەوەیە لە کارایی و ئامادەیی ئامێرەکانی دەنگدان.
گوتەبێژەکەی کۆمیسیۆن گوتیشی، "کاژێر 11ی پێش نیوەڕۆی رۆژی 9ی ئەم مانگە کە دەکاتە رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو، تیروپشک بۆ پێدانی ژمارەی هەڵبژاردن بە هاوپەیمانی و پارتەکان و بەربژێرەکان بۆ کورسیی گشتی و کۆتای کەمینەکان بەڕێوەدەچێت".
سەبارەت بە تاقیکردنەوەی ئامێری دەنگدان لە هەرێمی کوردستان، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاقیکردنەوەکە لە 182 وێستگەی دەنگدان دەکرێت."
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێ کە 320یان گشتی و 9یەکەی دیکە کۆتان.
گوتەبێژەکەی کۆمیسیۆن گوتیشی، وەک ژمارەی بەرایی نزیکەی هەشت هەزار و 788 ناوەندی دەنگدان بۆ رۆژی هەڵبژاردن هەن، ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانیش 40 هەزار و 819 وێستگەیە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق، بەڵام رەنگە ژمارەکان بگۆڕدرێن.
لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگبدەن.