سوودانی بڕیاری پلەبەرزکردنەوە و سەرمووچەی فەرمانبەرانی دەرکرد

رووداو دیجیتاڵ
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی راسپارد بۆ دەرکردنی فەرمانی پلەبەرزکردنەوە، سەرمووچەی ساڵانە و هەژمارکردنی بڕوانامەی ئەو فەرمانبەرانەی لە کاتی خزمەتدا بەدەستیان هێناوە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێک کە رۆژی دووشەممە، 4ی ئابی 2025ی نووسینگەی سەرۆکوەزیران بڵاوی کردووەتەوە، سوودانی فەرمانی بە  وەزارەتی دارایی کردووە،  بە:
 
- دەرکردنی فەرمانی پلەبەرزکردنەوە و سەرمووچەی ساڵانە بۆ سەرجەم فەرمانبەران.
- هەژمارکردنی بڕوانامەی ئەو فەرمانبەرانەی لە کاتی خزمەتدا بەدەستیان هێناوە.
- هەژمارکردنی ساڵانی خزمەتی پێشوویان.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوەکردووەتەوە، ئەم بڕیارە بە مەبەستی پاراستنی پێگەی کارگێڕی و مافە بەدەستهاتووەکانی سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەتە. پێویستە وەزارەتی دارایی گۆڕانکاری و مافی دارایی بە گوێرەی خشتەکانی دارایی هەژمار بکات، هاوکات پێدانی ناونیشان و پلەی نوێی وەزیفیش دەبێت لە چوارچێوەی رێکار و رێنماییە یاساییەکاندا بێت.
 
ئەم ساڵ پلەبەرزکردنەوە و سەرمووچەی فەرمانبەران راگیرابوو، پاساوی وەزیری دارایی پەسندنەکردنی خشتەکانی یاسای بودجەی 2025بوو لەلایەن پەرلەمانەوە، ئەوە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا حکومەت رەوانەی پەرلەمانی نەکردووە.
 
لە هەرێمی کوردستان لە 1-1-2016 پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران راگیراوە، ئەم ساڵیش بە بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق سەرمووچە و هەژمارکردنی بڕوانامەیان راگیرا.