بزووتنەوەی نوجەبا بۆ رووداو: گرنگی بەو قسانە نادەین لەسەر پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
کاردانەوەکان لەبەرامبەر پرسی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی بەردەوامن. ئەمریکا دژی پڕۆژەیاساکەیە و دەڵێت، رەوایەتیی دامەزراوەیی دەداتە ئەو گرووپە چەکدارییانەی سەر بە "تیرۆریستانن". بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی نوجەباش بە رووداوی گوت، ئەوان گرنگی بەو قسە و راوبۆچوونانە نادەن.
رۆژی دووشەممە، 4ی ئابی 2025، حوسێن موسەوی، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا و گوتەبێژی بزووتنەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی هەنگاوێکی گرنگ و مێژووییە بۆ عێراق، لەبەر ئەوەی ئەمە بنیاتنان و تەواوکردنی بازنەی ئەمنییە لە عێراقدا، هەروەها پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ سەقامگیریی وڵات و بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەوڵانەی کە دەیانەوێت ئارامییەکەی تێکبدەن."
حوسێن موسەوی گوتی: "ئێمە گرنگی بەو قسە و راوبۆچوونانە نادەین، کە لێرە و لەوێ باس لە پڕۆژەیاساکە دەکەن. حەشدی شەعبی پایەیەکی سەرەکیی سەقامگیریی عێراق بووە و پاراستوویەتی لە دەستوەردانە دەرەکییەکان."
پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی، جێگرەوەی یاسایەکە لە ساڵی 2016 لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی لەسەردرا، بۆ ئەوەی رەوایەتیی یاسایی بدرێتە پێکهێنانی دەستەی حەشدی شەعبی.
یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا گوتی: "دەنگدان بەم پڕۆژەیاسایە، تەواوکاریی نەخشەسازیی بنیاتنانی دەوڵەتی عێراقە و حەشدی شەعبی بەشێکە لە سیستمی ئەمنیی عێراق، ئەم پڕۆژەیەیاسایەش بۆ رێکخستنەوەی دەستەکەیە وەکو دامەزراوەیەکی ئەمنی."
بزووتنەوەى نوجەبا، گرووپێکى چەکداریى شیعەی عێراقە، لە ساڵى 2013وە دامەزراوە، لە عەسائیبی ئەهلى حەق جیابووەتەوە، یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی حەشدی شەعبی، ژمارەى چەکدارانی بە نزیکەی 10 هەزار چەکدار مەزەندە دەکرێت، ئەکرەم کەعبی، ئەمیندارى گشتیى بزووتنەوەکەیە.
بە گوتەی موسەوی، لە ناوچەکە ناکۆکی و ئاڵۆزی زۆر هەیە، "لە سۆنگەی ئەو ناکۆییە سیاسی، ئەمنی و ئابووریانەی ئێستاکە هەن، جا چ لە ناوەوە بێت یان دەرەوە؛ پێویستیمان بە هێزێکە عێراق و دەستکەوتەکانی بپارێزێت، بۆ ئەوەی دووربین لە سەرجەم ئەو ناکۆکییانەی کە ئەمڕۆ ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دروستیان کردووە."
پڕۆژەیاساکە بۆ رێکخستنەوەی "دەستەی حەشدی شەعبی" ئامادە کراوە، ئامانج لێی گۆڕینی ئەم هێزەیە بۆ دامەزراوەیەکی سەربازیی فەرمی و هەمیشەیی لەنێو هێزە چەکدارەکانی عێراق دا.
بەپێی پڕۆژەیاساکە، دەستەکە راستەوخۆ بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە (سەرۆکوەزیران) دەبەسترێتەوە و سەرۆکەکەشی پلەی وەزیری پێدەدرێت و دەبێتە ئەندامی لیژنەی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی.
یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکانی یاساکە، دامەزراندنی "ئەکادیمیای حەشدی شەعبی"یە بۆ پێگەیاندنی ئەفسەری تایبەت بەخۆی، کە ئەمەش بنەماکانی وەک سوپایەکی هاوتەریب بە سوپای عێراق دادەڕێژێت.
ئەم هەنگاوە نیگەرانی لەبارەی دروستبوونی دوو سوپای رکابەر لەناو یەک دەوڵەتدا دروست کردووە و پرسیار لەسەر داهاتووی یەکپارچەیی دامەزراوەی سەربازیی عێراق دروست دەکات.
هەر ئەمڕۆ، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمریکا بە تووندی دژی هەر یاسایەکە کە ناکۆک بێت لەگەڵ ئامانجەکانی هاوکاری و هاوبەشیی ئەمنیی دووقۆڵیمان و، دژی بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێستای عێراق و سەروەریی راستەقینەی وڵاتەکە بێت."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، "ئەم پڕۆژەیاسایە رەوایەتیی دامەزراوەیی زیاتر دەبەخشێتە ئەو گرووپە چەکدارانەی پەیوەندییان بە قەوارە و سەرکردە تیرۆریستەکانەوە هەیە، لەنێویشیاندا ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، کارمەندانی ئەمریکییان کوشتووە."
پڕۆژەیاساکە یاسای پێشووی ساڵی 2016 هەڵدەوەشێنێتەوە و دەسەڵاتێکی زۆر فراوانتر بە دەستەی حەشدی شەعبی دەبەخشێت.