لە بەسرە و میسان شەش زیارەتکاری ئێرانی بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

لە دوو رووداوی هاتووچۆ لە پارێزگاکانی بەسرە و میسان، شەش زیارەتکاری ئێرانی گیانیان لەدەستدا و 14ی دیکە برینداربوون. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 4ی ئەیلوولی 2023 لەسەر رێگەی خێرای رومێلەی باکوور لە پارێزگای بەسرە، پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی خۆی کێشاوە بە پێنج ئۆتۆمبێڵی دیکەدا و بەهۆیەوە دوو زیارەتکاری ئێرانی گیانیان لەدەستدا و شەشی دیکە برینداربوون، هەروەها سێ عێراقیش برینداربوون.  
 
هەر ئەمڕۆ رووداوێکی دیکەی هاتووچۆی زیارەتکاران لە پارێزگای میسان روویدا، لەوبارەوە، هێمن حەسەن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی پارێزگای میسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە ئۆتۆمبڵێکی جۆری دۆج کە ژمارەیەک زیارەتکارانی هەڵگرتبوو لەگەڵ پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی لە نزیک دەروازەی شبیب پێکیاندادا و بەهۆیەوە 4 زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و 8ی دیکە برینداربوون. 
 
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 2ی ئەیلوولی 2023 لە رێگەی نێوان قەزاکانی دجێل و سامەڕا لە پارێزگای سەلاحەددین، رووداوێکی هاتووچۆ روویداوە و لە ئەنجامدا 13 زیارەتکار گیانیان لەدەستداوە و 16ی دیکە بریندار بوون کە زۆربەیان زیارەتکاری ئێرانی بوو.
  
هەفتەی رابردووش چەند رووداوێکی هاتووچۆ لە عێراق روویاندا و دەیان زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.
 
رۆژی 29-08-2023 عەلی محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای واست بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پاسێکی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن لە نزیک دەروازەی زەرباتییەی نزیک قەزای بەدرە وەرگەڕا و لە ئەنجامی وەرگەڕانەکەشدا سووتا؛ ئەو زیارەتکارانە سەرجەمیان ئێرانی بوون و نووستبوون. حەوت کەسیان گیانیان لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون."
 
رۆژی 28-08-2023ش عەمید مەیسەم جبووری، گوتەبێژی فەرماندەی هێزەکانی سۆمەر لە پارێزگای زیقار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی لەگەڵ بارهەڵگرێکدا لە رێگەی نێوان ناسریە و موسەننا تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون؛ لە ئەنجامدا حەوت زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و 30ی دیکەش بریندار بوون."
 
ریاز عگێلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگای واست رۆژی 28-08-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لە رێگەی قەزای عەزیزییە پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی وەرگەڕا و بەهۆیەوە پێنج زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و 16ی دیکە بریندار بوون.
 
هاتنی ئەم زیارەتکارانە بۆ بەشداریکردنە لە چلەی ئیمام حوسێن لە شاری کەربەلا. ئیمام حوسێن، کچەزای پەیامبەر محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە شاری کەربەلا لەگەڵ خێزان و دەیان لە کەسوکار و لایەنگرانی لە ساڵی 680ـی زایینی و لەسەر دەستی لایەنگرانی یەزیدی کوڕی مەعاوییە، خەلیفەی ئەمەوییەکان شەهیدکرا.