هەڵمەتی هێزە ئەمنییەکانی زیقار بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی کێشە خێڵەکییەکان دەستیپێکردووە
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکان لە قەزای شەتڕەی پارێزگای زیقار هەڵمەتێکیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە ئەنجامدا کە لە شەڕی خێڵەکی دا بەشدار بوون. لە هەڵمەتەکەدا دەست بەسەر چەکى قورس و سووکدا گیرا کە لەو شەڕانەدا بەکارهاتوون. ئەمە لەکاتێکدایە لە نۆ مانگدا 122 ناکۆکیی خێڵەکی لە زیقار چارەسەر کراون.
سەلام سەعید، هاووڵاتیى زیقار دەڵێت، "لە کێشە لەمێژینەکانى پارێزگاى زیقار کە بووەتە کێشە بۆ هێزە ئەمنییەکان، ناکۆکیی خێڵەکانە، کە جار بە جار لە ناوچە جیاوازەکانى پارێزگاکە روودەدەن، مەترسی بۆسەر ژیانى هاووڵاتییان دروستکردووە، مەترسییە بۆسەر ژیانى رۆژانە، هەندێک لە هاووڵاتییان بەهۆى ناکۆکیی خێڵەکییەوە کۆچیان پێکراوە".
هەندێک لە تۆمەتبارانى شەڕى خێڵەکى بەگوێرەى یاساى تیرۆر دادگایی دەکرێن کە قورسترین سزاى لەسێدارەدانە.
عادل ئەعرەجى، ئەمیندارى گشتیى یەکێتیى خێڵەکانى عێراق دەڵێت، "هەمیشە داوا لە کەسایەتیى خێڵەکان دەکەین با چەک لە دەستى دەوڵەتدا بێت، چونکە ئەگەر چەک بەدەست دەوڵەتەوە بێت، زۆر ئەرکمان لە کۆڵ دەبێتەوە، لەوانە کوشتن لەسەر شەقام، هێرشى چەکدارى و تۆڵەى خێڵەکى."
بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى خێڵەکان لە وەزارەتى ناوخۆى عێراق کار لەسەر چارەسەرکردنى کێشە خێڵەکییەکان دەکات بەر لەوەى بگەنە ئاستى پێکدادان.
حەیدەر سەعدی، راوێژکارى پارێزگارى زیقار بۆ کاروبارى هاووڵاتی باسی لەوە کرد، "ناکۆکییە خێڵەکییەکان بەداخەوە بووەتە هۆى کوشتنى زۆر کەسایەتیى گرنگ، یان بریندارکردنیان، هەندێک لە پڕۆژەکان لە قەزا و ناحیەکان وەستاون، بەهۆى خراپیى دۆخى ئەمنییەوە."
بەگوێرەى ئامارێکى فەرمانگەى کاروبارى خێڵەکانى زیقار، لە نۆ مانگى 2023دا 122 ناکۆکیى خێڵەکى لە پارێزگاکە چارەسەر کراون.