بە تۆمەتی مامەڵەکردن بە کارتی دەنگدان 46 کەس لە عێراق دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، 46 کەسیان بە تۆمەتی مامەڵەکردن بە کارتی دەنگدان دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر زیاتر لە 1800 کارتی دەنگداندا گرتووە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیاوازدا 46 کەسیان بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی نایاسایی کارتی دەنگدان دەستگیرکرد و دەستیشیان بەسەر هەزار و 841 کارتی دەنگداندا گرت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئۆپەراسیۆنەکان لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری لە پارێزگاکانی بەغدا، ئەنبار، نەینەوا ئەنجامدراون و سەرجەم تۆمەتباران و کارتە دەستبەسەرداگیراوەکانیش رادەستی لایەنی دادوەریی پەیوەندیدار کراون بۆ ئەوەی رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.
بڕیارە رۆژی 11-11-2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێ. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێ؛ 320یان گشتین و 9 کورسییان کۆتان. رۆژێک پێشتر، دەنگدانی تایبەت دەکرێ.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 21 ملیۆن و 404 هەزار کەس کارتی بایۆمەتری و مافی دەنگدانیان هەیە، 20 ملیۆنیان دەنگدەری گشتی، یەک ملیۆن و 313 هەزاریان دەنگدەری تایبەت و زیاتر لە 26 هەزاریشیان ئاوارەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام 7 ملیۆن و 600 هەزار کەس بەهۆی نەبوونی کارتی دەنگدانەوە ناتوانن بەشداری بکەن. عیماد جەمیل گوتی "هۆکارەکان جیاوازن. بەشێکیان لە دەرەوەی وڵاتن، بەشێکیان مردوون، هەندێکیشیان ئارەزووی بەشداریکردن لە پرۆسەکە ناکەن."