کۆمیسیۆن بۆ رووداو: 24 کاژێر دوای دەنگدانی گشتی ئەنجامی بەرایی رادەگەیێنرێت


رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 24 کاژێر دوای دەنگدانی گشتی رادەگەیێنرێت و رۆژی دەنگدانی تایبەت تەنیا رێژەی بەشداریی بڵاو دەکرێتەوە.
 
یەکشەممەی داهاتوو 9ـی 11ـی 2025، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، دوو رۆژ دواتر دەنگدانی گشتی دەکرێت.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "رۆژی دەنگدانی تایبەت رێژەی بەشداری لەو هەڵبژاردنە بە فەرمی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رادەگەیێنرێت، بەڵام ئەنجامەکەی بڵاوناکرێتەوە و تێکەڵ بە ئەنجامی دەنگدانی گشتی دەکرێت."
 
زیاتر لە 1.3 ملیۆن دەنگدەری تایبەت لە عێراق هەن، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 224 هەزار دەنگدەری تایبەتیان هەیە.
 
عیماد جەمیل رایگەیاند: "دوای 24 کاژێر لە دوای دەنگدانی گشتی دەکاتە 12ی تشرینی دووەم، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن بڵاو دەکرێتەوە کە ئەنجامی دەنگدانی تایبەتیشی لەگەڵدا دەبێت، دوای یەکلاییکردنەوەی تانەکان لەسەر دەنگدان، ئەنجامی کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە بڵاو دەکرێتەوە."
 
کاژێر شەشی ئێوارەی 11ی تشرینی دووەم دەنگدانی گشتی رادەگیرێت، بەوپێیە هەمان کاژێری رۆژی دواتر (12ى شترینى دووەم) ئەنجامی بەرایی بڵاو دەکرێتەوە.
 
زیاتر لە حەوت هەزار بەربژێر لە عێراق و هەرێمی کوردستان رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی لە پەرلەمانی عێراق، 9 کورسی لە پەرلەمان کۆتای پێکهاتەکانە.