دوو بەربژێری دیار سکاڵا دژی دوورخستنەوەیان دەبەنە دادگە؛ 'دوای هەڵبژاردن تاوتوێی سکاڵاکانیان دەکرێت'

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو بەربژێری دیاری دوورخراوەی هەڵبژاردن، کە یەکێکیان بڕیاردەری ئێستای پەرلەمان و ئەوی دیکەیان سەرکردەیەکى عەرەبی سوننەیە لە کەرکووک، لە دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵایان لە دژی دوورخستنەوەیان تۆمار کردووە، بەڵام تاوتوێی سکاڵاکەیان لە دانیشتنی دادگەدا دەکەوێتە دوای هەڵبژاردن.
 
سکاڵایەکیان لەلایەن بەیدا خزر، بڕیاردەری ئێستای پەرلەمانی عێراق و بەربژێری پێشووی لیستی 'ئەساس' پێشکێش کراوە، داوا لە دادگە دەکات فەرمانسالارییەک دەربکرێت بۆئەوەی ریزبەندیی 28ى لیستەکەی بەکاربهێنێت و بە مافی خۆی دەزانێت.
 
بەیدا خزر پێشتر لەسەر لیستی بزووتنەوەى بابلیۆن بووە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەربژێربوونی لەلایەن دەستەی داوەریی هەڵبژاردنەوە لە 16ی تشرینی یەکەم هەڵوەشێندراوەتەوە، ئەو بەربژێرەی پێشوو داوای کردووە بگەڕێندرێتەوە ناو لیستەکەی لە بازنەی بەغدا.
 
سکاڵای دووەم لەلایەن خالید مەفرەجی، بەربژێری پێشوو لە لیستی هاوپەیمانیی عەرەبی لە کەرکووک بە سەرۆکایەتیی راکان جبووری، پێشکێش کراوە، یەکێکە لە سەرکردەکانی پێکهاتەی عەرەبی سوننە لە کەرکووک و داوای کردووە بگەڕێندرێتەوە ناو لیستەکەی. خالید مەفرەجی رۆژی 08-10-2025 بە بڕیاری کۆمیسیۆن مافی بەربژێربوونی لێسەندرایەوە و لە هەڵبژاردن دوورخرایەوە.
 
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق 24ی تشرینی دووەمی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵای بەیدا خزر دیاریکردووە، هەروەها 18ی هەمان مانگی بۆ تاوتوێی سکاڵای خالید مەفرەجی دیاریکردووە. ئەوەش لە کاتێکدایە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەم و بەر لە تاوتوێکردنی ئەو سکاڵایانە بۆ گەڕانەوە بۆ رکابەری دەکرێت.
 
حەسەن سەلمان، راوێژکاری یاسایی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو بەربژێرانەی ناویان سڕدراوەتەوە و جێگرەوەیان بۆ دانراوە، ناگەڕێندرێنەوە، بەڵام ئەو بەربژێرانەی لە لیستەکاندا دوورخراونەتەوە و ناوەکانیان نەسڕدراوەتەوە، ئەو دەنگانەی بەدەستی دەهێنن دوای یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکانیان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، بۆیان دەگەڕێنێتەوە ئەگەر بڕیاری دادگە لە بەرژەوەندییان بوو."
 
زیاتر لە 800 بەربژێرى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بە پاساوى جیاواز دوورخراونەتەوە، لەوانە پێشینەى تاوان و بەعسى بوون، بڕوانامەى ساختە، کەموکورتى لە بەڵگەنامەکانی بەربژێر بوون.