هاوپەیمانیی 'تەفەوق' بۆ رووداو تۆمەتی بە فیڕۆدانی 21 ملیار دینار لەلایەن سەرۆکەکەیەوە رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هاوپەیمانیی تەفەوق کە سەرلیستی هاوپەیمانییەکەیە لە پارێزگای سەڵاحەدین، تۆمەتی بەفیڕۆدانی زیاتر لە 21 ملیار دیناری سامانی گشتی دەدرێتە پاڵ، کۆمیسیۆن دەڵێت، ئەگەر دادگە دۆسیەکە یەکلایی بکاتەوە، ئەوانیش بڕیاری خۆیان دەدەن، بەڵام بەرپرسێکی هاوپەیمانییە سوننەکە بۆ رووداو تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە.
 
بەگوێرەی نووسراوێکی دادگەی لێکۆڵینەوەی رەسافە کە رۆژی 16ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ دەرچووە، تۆمەت خراوەتە پاڵ ئیبراهیم نامس جبووری، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەفەوق، ساڵی 2023 رێککەوتنێکی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆگرامی نیشتمانیی تایبەت بە خۆراکی قوتابخانە واژۆکردووە، بەگوێرەی دادگەکە: "رێککەوتنەکە پێچەوانەی یاسایە، بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، زیانی 21 ملیار و 200 ملیۆن دینار بەر سامانی گشتی دەکەوێت و بەفیڕۆ دەچێ."
 
رۆژی دووشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2025، محەممەد حەموود، بەربژێر لە هاوپەیمانیی 'تەفەوق' بە رووداوی راگەیاند: "ئەو سکاڵایە کەسانێک تۆماریان کردووە دژی هاوپەیمانییەکەن و دەیانەوێت پێش هەڵبژاردن زیانمان پێبگەیێنن."
 
لە نووسراوی دادگەکەدا هاتووە، "تۆمەتبارەکان بە کەفالەتی چەند کەسێک و دانانی بڕە پارەیەک بەکەفالەت ئازادکراون و رانەگیراون."
 
بە گوتەی محەممەد حەموود، دادگەکە ئەو سکاڵایەی رەتکردووەتەوە و "بێبەری بوونی ئەو کەسانەی راگەیاندووە وەکو تۆمەتبار ناویان هێنرابوو.''
 
بەرپرسێکی باڵای لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "سکاڵاکە هێشتا ماوە، ئەگەر یەکلایی بکرێتەوە و تۆمەتباران سزابدرێن، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران رێکاری خۆی دەگرێتەبەر و بڕیاری لەسەر دەدات."
 
ئیبراهیم نامس، وەزیری پەروەردەی عێراقە، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەفەوقیشە، سەرلیستی هاوپەیمانییەتییەکەیەتی لە پارێزگای سەڵاحەدین.
 
هاوپەیمانیی تەفەوق بە 53 بەربژێر لە هەردوو پارێزگای ئەنبار و سەڵاحەدین بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دا کردووە.