کۆمیسیۆن بۆ رووداو: نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێرێکی سەرەکیی هەڵبژاردن دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند:" مۆڵەتی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقمان نییە." سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن دەڵێت، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق بەشێک دەبێ لە چاودێرانی سەرەکیی هەڵبژاردن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2025، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێکە لە چاودێرانی سەرەکیی هەڵبژاردنی پەرلەمان، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق کە ناسراوە بە (یونامی)، ئۆفیسی تایبەتیان لە کۆمیسیۆن لۆگۆی کۆمیسیۆن و یونامی.هەیە و یەکێک لە کارە سەرەکییەکانیان لە عێراق چاودێریکردنی هەڵبژاردنە."
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان گوتی، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 300 لایەن و رێکخراوی بیانی ناوی خۆیان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمان تۆمارکردووە، کە لە نێویاندا یونامی، نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا و نوێنەرایەتیی کۆمکاری عەرەبی هەن، ئەمە جگە لە ئامادەبوونی نوێنەری زۆرینەی باڵیۆزخانەکان."
رۆژی دووشەممە فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وەڵامی پرسیارێکی نامۆ عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە نیویۆرک سەبارەت بە رۆڵی رێکخراوەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا رایگەیاند: "نەتەوە یەکگرتووەکان مۆڵەتی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراقی نییە."
فەرهان حەق روونیکردەوە، ئەوان رۆڵێکی گرنگی تەکنیکییان هەیە و دەڵێت: "ئێمە هاوکاریی تەکنیکیی بەهێزی هەڵبژاردن پێشکێش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەین لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن، ئەمەش کاری ئێمە بووە بۆ 17 هەڵبژاردنی پێشوو لە ساڵی 2004ـەوە."
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردەوە: "نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاریی تەکنیکی پێشکێش دەکات بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ پەرەپێدانی بێگەردی، گشتگیری و متمانە لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا."
هەر دوێنێ، حەسەن قەبس، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بە رووداوی راگەیاند: "بانگهێشتنامە بۆ 90 وڵاتی عەرەبی و بیانی نێردراوە، لەوانەش باڵیۆزخانەکان و کۆنسووڵخانەکان و رێکخراوەکانی گرنگیدەر بە کاروباری هەڵبژاردن، بە ئامانجی بەشداریکردن لە چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڕیارە رۆژی 11-11-2025 بەڕێوەبچێت.