دەستپاکیی عێراق بۆ رووداو: دیارترین سکاڵای سەر بەربژێرەکان گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیلە
رووداو دیجیتاڵ
چەندین سکاڵا لەسەر بەربژێرانی عێراق لە دەستەی دەستپاکی تۆمارکراون، دیارترینیان 'گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیلە'، کۆمیسیۆنیش ئاماژە بە بەردەوامیی رێکارەکانی دوورخستنەوەی بەربژێرە "ناشایستەکان" دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 4ی تشرینی دووەمی ئەیلوولی 2025، عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەشێک لە بەربژێرەکان سکاڵای جیاوازیان لەسەر تۆمار کراوە، دەستەکەمان لێکۆڵینەوە و وردبینی لە سکاڵاکان دەکات."
ئەو سکاڵایانەی تۆمارکراون لە قۆناخی وردبینییە لە دەستەکە، دوای ساخبوونەوەی تۆمەتەکان و یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکان رەوانەی دادگە دەکرێت و دەبێتە دۆسیە.
بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق راشیگەیاند: "ئەو سکاڵایانەی تاوەکو ئێستا تۆمارکراون لەسەر تۆمەتی جیاوازن، دیارترینیان دەستکەوتنی و زیادبوونی سامان و داهات بەشێوەی بەنایاسایی و وەرگرتنی بەرتیلە."
دەشڵێت، دەستەی دەستپاکی بەپێی یاساکانی بەردەوامە لە کارەکانی: "ئێستا و دوای هەڵبژاردنیش سکاڵا وەردەگرین."
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "پرۆسەی دوورخستنەوەی بەربژێرانی ناشایستە بەردەوامە، ئێمە ئێستا لە قۆناخی بانگەشەی هەڵبژاردنداین و پێشێلکاری رەنگە بگاتە ئاستی تاوانی هەڵبژاردن، تاوانی هەڵبژاردنیش رەنگە سزاکەی دوورخستنەوە بێت."
گوتەبێژەکەی کۆمیسیۆن گوتیشی: "ئەگەر سکاڵا لەسەر بەربژێرێک تۆمار بکرێت، بەپێی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیار دەدرێت، بڕیارەکان تاوەکو ئاستی دوورخستنەوە دەگرێتەوە.''
بە گوتەی جومانە غەلای، پەیوەندیی کۆمیسیۆن بە بەربژێرەکان لەگەڵ پەسندکردنی ئەنجامە کۆتاییەکان لەلایەن دادگەی فیدراڵیی عێراقەوە کۆتایی دێت.
تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆن زیاتر لە 800 بەربژێری بە تۆمەتی جیاواز دوورخستووەتەوە، کە دیارترینیان دۆسیەکانی تایبەت بە لێپرسینەوە و دادپەروەرییە.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، 320یان گشتییە و 9ـەکەی دیکەیان کۆتایە. زیاتر لە 7 هەزار کەسیش خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەربژێر کردووە.