کۆمیسیۆن بۆ رووداو: سندوقەکانی دەنگدان لە پارێزگاکان دەمێننەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، سندووقەکانی دەنگدان دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەکە، دەگوازرێنەوە بۆ کۆگاکانی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان دا.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆن، رۆژی سێشەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان، ئامێر و سندووقەکانی دەنگدان لە هەمان شەودا دەگوازرێنەوە بۆ کۆگاکانی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکاندا".
جومانە غەلای، ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم سندووقانە لە کۆگاکانی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان دەمێننەوە، لە ئەگەری پرۆسەی ژماردن و جیاکردنەوەی دەستی، ئەوەش لە کاتێکدا سکاڵا یان تانە لە ئەنجامەکان بگیرێت".
بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و تەنیا ئەو کەسانە مافی بەشداریکردنیان هەیە کە کارتی دەنگدانی بایۆمەترییان هەیە.
رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2025، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ناوی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسند کرد، کە ژمارەیان نزیکەی 8000 بەربژێر بوو، بەڵام هەندێکیان بەهۆی بوونی سکاڵا لەسەریان دوورخرانەوە و مافی تانەلێدانیان لە بڕیاری دوورخستنەوەکەیان هەیە.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام 7 ملیۆن و 600 هەزار کەسیان ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن، چونکە کارتی دەنگدانیان نییە.