وەزارەتی پلاندانان: رێژەی گەشەی دانیشتووان دابەزیوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایدەگەیێنێت، تاوەکو 10 ساڵی دیکە رێژەی گەشەی دانیشتووان بۆ خوار 2٪ دادەبەزێت.
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتەکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 04-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی ئاماژەکانی سەرژمێری، رێژەی گەشەی ساڵانەی دانیشتووان دابەزیوە، بەشێوەیەک لە ساڵی 2010 رێژەکە 3% بوو، بەڵام لە دوایین سەرژمێریدا ئەو رێژەیە بۆ 2.5% دابەزیوە".
 
بە گوتەی عەبدولزەهرە هینداوی، "شارەزایانی بواری دیمۆگرافیا پێشبینی دەکەن لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا رێژەی گەشەی دانیشتووانی عێراق بۆ خوار 2% دابەزێت".
 
هینداوی ئاماژەی بەوەدا "ئەو خێزانانەی تازە پێكدەهێنرێن تەنیا بە یەک یان دوو منداڵەوە دەوەستن، ئەوەش لەبەرئەوەی هۆشیاری و تێگەیشتن هەیە بۆ گرنگیی رێکخستنی خێزان".
 
رۆژی چوارشەممە 26-11-2025، محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی بۆ ساڵی 2024 راگەیاند.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، کۆی گشتیی دانیشتووانی عێراق (هاووڵاتییانی عێراقی و بیانی) گەیشتووەتە 46,118,793 کەس. گەشەی ساڵانەی دانیشتووانیش بە 2.5% تۆمارکراوە.