سەرۆکی حقوق بۆ رووداو: بەدڵنیاییەوە بەشداری لە حکومەت دا دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
حوسێن موئنیس، سەرۆکی بزووتنەوەی حقوق (باڵی سیاسیی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرەڕای ئاستەنگ و ڤیتۆی ئەمریکا، "بەدڵنیاییەوە" بەشداری لە حکومەتی داهاتوو دەکەن، لە بەرامبەردا باڵیۆزێکی پێشووی ئەمریکا هۆشداری دەدات کە نابێت گرووپە چەکدارەکان پۆستی باڵا وەربگرن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-12-2025، حوسێن موئنیس، سەرۆکی بزووتنەوەی حقوق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە ئێمە لە فراکسیۆنی حقوق بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەکەین و بەشێکی کارا دەبین لە داڕشتنی رێچکەکانی حکومەت."
بزووتنەوەی حقوق کە خاوەنی 6 کورسیی پەرلەمانە، وەک باڵی سیاسیی "کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق" دەناسرێت؛ گرووپێکی چەکداری شیعە مەزهەبە و لە ساڵی 2009ـەوە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە 2003 دامەزاوە، لە 2007دا بە ئاشکرا چالاکی چەکداری لە دژی هێزەکانی ئەمریکا دەستپێکرد. ئەحمەد موحسین فەرەج حەمیداوی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکەیە و لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە.
سەبارەت بە ئەگەری دروستکردنی ئاستەنگ لەلایەن واشنتنەوە بۆ بەشدارییان لە حکومەت، موئنیس بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت بەشێوەیەکی راستەقینە دەستی پێنەکردووە، بۆیە هێشتا زووە باس لە دەستوەردان یان دەستوەرنەدانی ئەمریکا بکرێت."
سەرۆکی بزووتنەوەی حقوق ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی ئەوەی رێکارەکان لە سەرەتادان، دەستوەردانی روونی ئەمریکا دیار نییە، "بەڵام لە هەر بارێکدا دەستوەردانی ئەمریکا بە دوور نازانین."
لێدوانەکەی موئنیس لەکاتێکدایە، دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق رۆژی چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پەیامی ئیدارەی ترەمپ بۆ حکومەتی نوێی عێراق روونە و "بە تووندی دژایەتیی یاسای حەشدی شەعبی دەکەن".
سیلیمان گوتی: "گرنگە ئەم گرووپە چەکدارانە لە پۆستە باڵاکانی حکومەتی داهاتووی عێراقدا بەشدار نەبن. ئەوان پێگەی خۆیان بە پارەی حکومەت پتەوتر دەکەن، بەبێ گەرەنتی ئەوەی فەرمانی حکومەت جێبەجێ بکەن."
بە بڕوای ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووی ئەمریکا، ئەو گرووپە چەکدارانەی لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا نین هۆکاری ناسەقامگیرین و گوتی: "ئەگەر پێیانوابێت دەتوانن هێرش بکەنە سەر کۆرمۆر، پێیانوایە دەتوانن هێرش بکەنە سەر ئامانجی دیکەش."
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، پێنج بزووتنەوەی سیاسی کە نوێنەرایەتیی گرووپە چەکدارەکان دەکەن و هەندێک لە سەرکردەکانیان لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان، توانیویانە 47 کورسیی پەرلەمان بەدەست بهێنن؛ ئەوەش وایکردووە رووبەڕووی "ڤیتۆ"ـی ئەمریکا ببنەوە بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نوێدا.