فڕۆکەوانیی عێراق: ئەمڕۆ یەکەم گەشتیی راستەوخۆی ئەسینا-بەغدا دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق دەڵێت، بڕیارە ئەمڕۆ یەکەم گەشتی هێڵی ئاسمانیی یۆنانی بۆ عێراق دەستپێبکات.
جیهاد دیوان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان - دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارە ئەمڕۆ یەکەم گەشتی هێڵی ئاسمانیی یۆنانی (Air Mediterranean) بۆ عێراق دەستپێبکات.
هەفتانە دوو گەشت بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و گەشتێکیش بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەکرێن.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 23-02-2025، گەشتی راستەوخۆی نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و ئەسینا دەستیپێکرد.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق گوتی، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیانە بۆ بەهێزکردنی جووڵەی ئاسمانی و زیادکردنی بژاردەکانی گواستنەوەی ئاسمانی لەبەردەم گەشتیاران.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رۆژی 23-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی یۆنان داواکاری بۆ دەستپێکردنی گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی نێوان ئەسینا و بەغدا پێشکێش کردووە. چاوەڕوان دەکرێ یەکەم گەشتی لە 2 بۆ 3 هەفتەی داهاتوودا بکرێت."