ئەمریكا ژمارەی راوێژكارە سەربازییەكانی لە عێراق "دوو هێندە زیادكردووە"

رووداو - هەولێر

گوتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش رایدەگەیێنێت، بە مەبەستی خێراترکردنی پێشڕەوی ھێزە عێراقییەكان لە موسڵ هێزە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان ھێرشەکانی خۆیان بۆ سەر پێگەکانی داعش چڕکردووەتەوە، ژمارەی راوێژكارە سەربازییەكانى ئەمریكاش لە عێراق بۆ دوو هێندە زیادكراوە.

لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە عێراق و سووریا، جۆن دۆریان، گوتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا بە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانس لە بەغداوە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکای دایەوە.

له‌باره‌ی به‌شداریی هێزی وڵاته‌كه‌ی لە شەڕی موسڵ، دۆریان ئاشكرای كرد "ژمارەی ئەو یه‌كه‌ سه‌ربازییانه‌ی پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ لە دەستی داعش دەکەن، بۆ دوو ھێندە زیادکردووە". 

دۆریان راشیگەیاند،‌ بەمەبەستی پاڵپشتی تاکتیکی و راھێنان ژمارەی راوێژكارە سەربازییەکانیان زیادکردووە. 

جۆن دۆریان ئاماژەی بەوەكرد، 450 سەربازيان (کە لە یەکەکانی ھێزی تایبەت و شارەزایانی ھەواڵگری و ئەندازیاران پێکھاتوون) رەوانەی ناوچەکە کردووە و ئەوەش ژمارەی سەربازانی خۆیان لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ دوو ھێندە کردووە. گوتیشی "ئەم کارە بەمەبەستی پشتیوانی لە ھەنگاوی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکەی دوو ھەفتە پێش ئێستا ئەنجامدراوە".  

سێ‌ سەركردەی داعش كوژراون

گوتەبێژی هاوپەیمانان دەنگۆی کوژرانی سێ سەرکردەی داعش لە ھێرشێکی ئاسمانی ھاوپەیمانان لە عێراق پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند "سەرکردەکانی داعش: ئەبو تورک و فەلاح رەشیدی لە 4ی کانوونی یەکەم و ئیمام عەبدوڵڵا حەمید مەحەلاوی لە 21ی کانوونی یەکەم لە ھێرشە ئاسمانییەکاندا کوژران".

دۆریان روونیکردەوە، فەلاح رەشیدی دەستی لە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژەکانی عێراق ھەبووە، مەحەلاوی-ش یەکێک بووە لە سەرکردە گرنگەکانی داعش لە عێراق و لە ھێرشێک بۆ سەر داعش لە شاری قائیم کوژراوە.

لەبارەی ئەو تورك، جۆن دریان رایگەیاند، رۆڵێکی گرنگی لە دابەشکردنی سەرچاوەکانی دارایی داعش ھەبووی، ھەروەھا پەیوەندی بە بەرپرسانی باڵای داعشیش ھەبووە.

"پشتیوانی توركیا ده‌كه‌ین له‌ ئۆپه‌راسیۆنی باب"

گوتەبێژی ھێزەکانی ھاوپەیمانێتی دژی داعش جۆن دۆریان راشیگەیاند "بنکەی سەربازی ئینجەرلیک ھەم وەک بنکەیەک و ھەمیش لە رووی بەکارھێنانی لە لایەن ھاوپەیمانانەوە بنکەیەکی زۆر گرنگە. لەڕاستیدا بە سایەی ئەو بنکەیە ئۆپەراسیۆنەکان بەڕێوەدەچێت و بووە بە شوێنی ئاسایش بۆ جیھان".

لەبارەی ئەو رەخنانەی، کە لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر باب ئەمریكا ھاوکاری پێشکەشی سوپای توركیا نەکردووە، جۆن دۆریان رایگەیاند بنکەی ئینجەیرلیک بۆ ھاوکاری ھەواڵگری، پشکنین و ھێرشی ئاسمانی بۆ ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەکارھاتووە.

دۆریان روونیکردەوە، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەبارەی ئۆپەراسیۆنی باب لە گەڵ تورکیادا درێژەی ھەیە و راشیگەیاند، ئەمریکا پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنی باب دەکات، بەڵام چۆنێتی و ناوەڕۆکی پشتیوانییەکە لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ئاشکرا دەکرێت.

داڕشتنەوە: حەكیم داود