وەزارەتی دارایی 120 ملیار دینارەکەی بۆ بەغدا نارد

 رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتییان بۆ بەغدا نارد.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، خەرجکردنی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو. 
 
چاوەڕواندەکرێت رۆژی یەکشەممە و دووشەممە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرجبکرێت و رۆژی دواتر دەست بە دابەشکردنی بکرێت. 
 
36 رۆژ لە ساڵی نوێ تێپەڕیوە و تاوەکو ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی کانوونی دووەمیان وەرنەگرتووە، ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر حکومەتی عێراق مووچەی مانگی یەکی ‌هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی داوە، لە پێنجشەممەی رابردووشەوە دەستی بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی بۆ مانگی یەک کرد.
                        
رۆژی سێشەممە 27ی کانوونی دووەمی 2026 لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی بەغدا کرا و رۆژی دواتر رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.
 
دوایین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە 29ی کانوونی یەکەمی 2025 دابەشکرا، کە مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی 2025 بوو.