تۆڕێکى مادەى هۆشبەر دەستگیرکران کە 'لە هەولێرەوە تاوەکو بەسرە کاریانکردووە'
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەستگیرکردنى تۆڕێکى "نێودەوڵەتى"ی مادەى هۆشبەرى راگەیاند کە لە نێوان هەولێر و بەغدا و بەسرە کاریان کردووە.
لە دوو مانگى سەرەتاى ئەم ساڵ لەسەر مادەى هۆشبەر 1495 کەس دەستگیرکراون، 15 یان سزاى لە سێدارەدان و بەندکردنى تاهەتایی دراون.
وەزارەتى ناوخۆى عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، 5ى ئادار، هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو تۆڕەی بڵاوکردەوە.
عەمید میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند: "تۆڕێکى نێودەوڵەتیی مادەى هۆشبەر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى بنەبڕکردنى مادەى هۆشبەر و کاریگەرە دەرونییەکان پووچەڵ کراونەتەوە و ئەندامەکانى دەستگیرکراون."
عەمید میقداد میرى ئاماژەى بەوە دا کە ئەو تۆڕە لەنێوان هەولێر، بەغدا و بەسرە کاریان کردووە و "مەترسیدارترین" تۆمەتباریان لە نێودا بووە و پرۆسەکەى مانگێکى پێچووە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکەى وەزارەتى ناوخۆی عێراق، لە دوو مانگى سەرەتاى ئەم ساڵدا دەستگیراوە بە سەر نیو تۆن مادەى هۆشبەر و نۆ تۆن لە کارتێکەرە دەروونییەکان.
گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، دەسەڵاتدارانى ئەمنیی هەرێمى کوردستان رۆڵێکى گەورەیان هەبووە لە پێدانى زانیاری و رۆڵیشیان لە چەند چالاکییەکدا هەبووە بۆ بنەبڕکردنى مادەى هۆشبەر و سوپاسى رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەڕێوەبەرانى گشتیی ئاسایشى هەولێر و سلێمانى کرد.
وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاندووە کە لەو دوو مانگەى سەرەتاى ئەم ساڵدا، 121 تۆڕى بازرگانی بە مادەى هۆشبەر پووچەڵکراونەتەوە کە 13 یان تۆڕى نێودەوڵەتى بوون.
هاوکات، 1495 تۆمەتبارى مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون، 786یان سزادراون کە نۆ تۆمەتباریان سزاکەیان لەسێدارەدان و 16 یان بەندکردنى تاهەتایی بووە.