سەرۆکى دادگەى فیدراڵى بۆ فەرمانگەکان: دەتوانن راستەوخۆ هاوئاهەنگى لەگەڵ بەغدا بکەن

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق رایگەیاند، بە بانکیکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان و گواستنەوەى بۆ سەر بەغدا لە رێگەى بانکە حکومییە فیدراڵییەکان دەبێت.
 
دەشڵێت، وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان لایەنى پەیوەندارە بۆ دروستکردنى هاوئاهەنگى بۆ ئەو هەنگاوە لەگەڵ وەزارەتى دارایی عێراق، بەڵام ئەگەر رێگریى کرد، فەرمانگەکان دەتوانن بەشێوەیەکى راستەخۆ هاوئاهەنگى لەگەڵ بەغدا بکەن.
 
جاسم عەمیرى، سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، بە گوێرەى بڕیارى دادگەکە سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەندکراون بە جێبەجێکردنى بڕیارى بە بانکیکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان و گواستنەوەى بۆ سەر بەغدا لە رێگەى بانکە حکومییە فیدراڵییەکان، کە فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانى تۆڕى چاودێرى کۆمەڵایەتى دەگرێتەوە. 
 
جاسم عەمیرى بە میدیاى فەرمى عێراقى رایگەیاند، "ئەوە سەلمێندراوە ئەو مووچە خۆرانەى هەرێمى کوردستان مانگانە بە شێوەیەکى رێکخراو لەکاتى خۆیدا مووچەکانیان وەرنەگرتووە و نابێت کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى بەهۆى جێبەجێنەکردنى هەندێک مادەى یاسای بودجە ببێتە هۆى بێبەشکردنى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان لە مووچەى مانگانەیان."
 
رۆژی 28ـى شوباتى 2024، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق دەقى نووسراوى بڕیارێکى خۆى بڵاوکردەوە کە لە 21ـى شوبات دەریکردبوو لەبارەى سکاڵایەکەوە بۆ ناردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان.
 
سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق رایگەیاند، لە وردەکاریى بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان لایەنى پەیوەندارە بۆ دروستکردنى هاوئاهەنگى لەگەڵ وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى، بەڵام ئەگەر رێگرى لە جێبەجێکردنى ئەو بڕیارە کرد، فەرمانگەکان دەتوانن ئەو هەنگاوە جێبەجێ بکەن و بەشێوەیەکى راستەخۆ هاوئاهەنگى لەگەڵ وەزارەتى دارایی فیدراڵ بکەن.
 
جاسم عەمیرى گوتى: "ناکرێت فەرمانبەرێک لە ناوەڕاست و باشوورى عێراق مانگانە لەکاتى خۆیدا مووچەکەى وەربگرێت و پێداویستییەکانى خێزانەکەى پڕ بکاتەوە لە کاتێکدا فەرمانبەرێکى دیکە لە هەرێمى کوردستان لەوە بێبەش بێت، بەم شێوەیە یەکسانى بەدى نایەت و دەبێتە پێشێلکردنى دەستوور".