خەزعەلی: ناتواندرێت رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

قەیس خەزعەلی دەڵێت، ناتواندرێت رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە هەموو هێزە بیانییەکان لە عێراق دەربچن.
 
رۆژی سێشەممە، 5ـی ئاداری 2024، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە دیداری رافیدەین لە بەغدا باسی رێککەوتننامەی شنگالی کرد و گوتی، "رێککەوتننامەی شنگال لە سەردەمی حکومەتی مستەفا کازمی کراوە و لە رووی یاساییەوە سەلمێندراوە کە ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت. قەزای شنگال بەشێکە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق."
 
رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 واژۆکرا.
 
رێککەوتنەکە لە چەند خاڵێک پێکهاتووە کە دیارترینیان دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە شاری شنگال، لەگەڵ راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی فیدراڵی.
 
هەروەها دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال، ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و رەخساندنی زەوینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بەشێکی دیکەی رێککەوتنەکە بوون.
 
لەبارەی چوونە دەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، خەزعەلی گوتی، "هەڵوێستمان روون و ئاشکرا و نەگۆڕە. دەبێت هەموو هێزە بیانییەکان لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا و تورکیا لە عێراق دەربچن. هەر بوونێکی بیانی لە عێراق پێشلکردن و لاوازییە بۆ سەروەریی وڵات. دەرچوونی سەرجەم هێزە بیانییەکان لە عێراق نزیکە و تەنیا بابەتەکە کاتە."
 
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق دەڵێت، "دەرچوونی هێزە بیانییەکان و هێزەکانی ئەمریکا لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە کاریگەری گەورەی دەبێت. پێویستە قوربانی لە پێناو دەرچوونی هێزە بیانی و ئەمریکییەکان لە عێراق بدرێت."
 
خەزعەلی گوتیشی، "ئەمریکا کارتی گوشار بەرامبەر عێراق بەکاردەهێنێت، لەنێویاندا کارتی ئەمنی و سزادانی بانکەکانی عێراق. ئەمریکا لە 2011 لە عێراق دەرنەدەچوو، ئەگەر کارەکانی مقاوەمە نەبووایە. کاری مقاوەمەش دژی داگیرکەر پێویستە بە نهێنی بێت. باوەڕمان بە بژارەی مقاوەمەی سیاسی و سەربازی هەیە. ستایشی کارەکانی مقاوەمە دەکەین، بەو مەرجەی حکومەت خەجاڵەت نەکەن."
 
سەبارەت بە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، خەزعەلی پێیوایە، "ناکۆکی سوننە دیارترین هۆکارە بۆ پەکخستنی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان، بەڵام دەبێت لایەنی سیاسی شیعە و کورد لەسەر کەسایەتی سەرۆکی پەرلەمان رەزامەند بن. هیچ کەسێکیش بەسەر پێکهاتەی سوننە ناسەپێنین بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان."