ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لێپرسینەوە لە سەرۆکەکەی دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لێپرسینەوە لە سەرۆکەکەی دەکات و یەکێک لە بابەتەکانی لێپرسینەوەکە پەیوەندیی بە بڕوانامەکەیەتی. ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە دەڵێت، دەرچووی بەشی وێژەییە، کەچی لە ئۆکراینا پزیشکیی خوێندووە و ناسناوی دکتۆر بەکاردەهێنێت.
 
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ چوارشەممە 05-03-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کۆببێتەوە بۆ لێپرسینەوە و دوورخستنەوەی ئەحمەد حاسوود لە پۆستەکەی.
 
پارتی چوار ئەندامی لە ئەنجوومەنەکە هەیە، واژۆی لەسەر یاداشتی  لێپرسینەوەکە کردووە. ئەحمەد دووبەردانی باس لەوە دەکات، "واژۆی پێویست بۆ لێپرسینەوەکە کۆکراوەتەوە، هەوڵدەدەین زۆرینە کۆبکەینەوە بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە و لێپرسینەوە لە سەرۆکی ئەنجوومەن."
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 ئەندام پێکهاتووە، دانیشتنی ئەنجوومەن پێویستی بە پەنجا کۆ یەکە، بە گوتەی ئەحمەد دووبەردانی، تاوەکو ئێستا 13 ئەندامیان کۆکردووەتەوە و لایەنی بەرامبەریش 16 ئەندامن، هەوڵەکان لەئارادان بۆئەوەی سێ ئەندامی لایەنی بەرامبەر رازی بکەن، تاوەکو بەشداریی دانیشتنەکە بکەن و دەنگ بە دوورخستنەوەی سەرۆکی ئەنجوومەن بدەن.
 
دووبەردانی دەشڵێت، سەرۆکی ئەنجوومەن سەرنج و تێبینیی زۆری لەسەرە سەبارەت بە بڕیار و مامەڵەکانی، سەرپێچی و پێشێلکارییەکان و بڕوانامەکەشی.
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن، سەرۆکی ئەنجوومەن "بڕوانامەی پۆلی شەشی ئامادەیی وێژەیی هەیە، کەچی چووەتە ئۆکراینا بڕوانامەی پزیشکیی ددانی بەدەستهێناوە، ئێستا خۆی وەکو دکتۆر دەناسێنێت، ئەوەش پێچەوانەی بڕیار و رێنوێنییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقە، کە نابێت دەرچووی وێژەیی لە بەشی پزیشکی بخوێنێت. بڕوانامەکەشی هاوسەنگیی بۆ نەکراوە و لە عێراق دانی پێدا نەنراوە."
 
بەگوێرەی نووسراوی محەممەد عەبدوڵڵا جبووری، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەن لە دوو بڕگە پێکهاتووە یەکێکیان لێپرسینەوەیە لە ئەحمەد  حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا.
 
لێپرسینەوەکە لەلایەن عەبدوڵڵا ئەسیل نوجێفی، ئەندامی ئەنجوومەنەکە دەکرێت کە سێیەکی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە واژۆیان لەسەر داواکارییەکە کردووە.
 
عەبدوڵا نوجێفی رۆژی 17-02-2025 داواکاری لێپرسینەوەکەی پێشکێشکردووە، کە وێنەیەکەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە حەوت تەوەر دا 18 پرسیار لە سەرۆکی ئەنجوومەن دەکات.
 
یەکەم تەوەری پرسیارەکان، پەیوەندی بە بڕوانامەی خوێندنی سەرۆکی ئەنجوومەنەکەیە، پرسیار دەکات ئایا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هاوسەنگی بۆ بڕوانامەکەی کردووە؟ لەسەر چ بنەمایەک ناسناوی دکتۆر بەکاردەهێنێت لە مامەڵە فەرمییەکاندا؟ ئایا لایەنی تایبەتمەند لێکۆڵینەوەی لە راست و دروستی ئەو ناسناوە کردووە؟ ئایا بڕوانامەی ئەکادیمیان پێشکێشکردووە؟
 
تەوەرێکی دیکەی پرسیارەکان پەیوەندییان بەو سەرپێچییانەوە هەیە کە لە پەیڕەی نێوخۆ و میکانزمی بڕیار کردوونی، لەوانە لەسەر چ بنەما و میکانزمێک دەنگدان بە پەیڕەوی ناوخۆی داناوە، لەکاتێکدا لیژنەی راسپێردراو کارەکانی تەواو نەکردووە؟ بۆچی بەیەک پاکێج دەنگی لەسەر دراوە، بێ خوێندنەوەی بڕگە و گفتوگۆکردنی وردەکارییەکانییەوە؟
 
ئەحمەد دووبەردانی دەڵێت، بڕوانامە پزیشکییەکەی ئۆکراینای لە عێراق دانی پێدانەنراوە، بۆیە ئێستا بڕوانامەی شەشی ئامادەیی بەشی وێژەیی هەیە، بەو بڕوانامەش نابێت سەرۆکی ئەنجوومەن بێت.
 
تەوەرێکی دیکەی پرسیارەکان باس لەوەدەکات بۆچی پابەندی بەرنامەی کاری ئەنجوومەن نەبووە، کە دانان و گۆڕینی شەش یەکەی کارگێڕی لەخۆ گرتبوو، بەڵام بەبێ گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست، 14 یەکەی کارگێڕی دیکەی بۆ زیادکرا. 
 
ئەحمەد حاسوود سەر بە هاوپەیمانی عەقدی وەتەنییە کە لە لایەن فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی سەرۆکایەتی دەکرێت.
 
یەکى تەممووزى 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکاری لە سەرۆکى 20 یەکەى کارگێڕی کرد، بەڵام هاوپەیمانیی نەینەواى یەکگرتوو و فراکسیۆنى پارتى، بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد و لەدژى گۆڕانکارییەکان وەستانەوە. گۆڕانکارییەکانی بە زۆرینەى دەنگى هاوپەیمانیی نەینەواى ئایندە کرا.
 
پارێزگارى نەینەوا ئامادە نەبوو واژۆ لەسەر ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕییانە بکات و پێیوایە بە "نایاسایی" دەرکراون. 
 
بۆیە عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاى نەینەوا لەدژى ئەحمەد حاسوود، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵای تۆمار کرد، پارێزگار داواى کردبوو بڕیارەکانى ژمارە 21 بۆ 40ـى کۆبوونەوەى ژمارە 14ـى ئەنجوومەنى پارێزگا بە "نادەستوورى" بناسێنرێن، کە تایبەت بوون بە لادان و هەڵبژاردنی ژمارەیەک قایمقام و بەڕێوەبەرانى ناحیە لە سنوورى پارێزگاکە.
 
بەڵام دوێنێ سێشەممە، 4ـى ئادارى 2025، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵاى پارێزگارى نەینەواى لەدژى گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانى ئەو پارێزگایە رەتکردەوە، کە لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگاوە دەرکراوە، ئەو بڕیارانەى بە "دروست" زانى. دادگە بەبێ دادبینى بڕیاری دا.
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو گۆڕانکارییانە سێ پۆستی بەرکەوتووە، ئەوانیش: قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەکانی سنوونێ و وانکێ-ن.
 
دوێنێ سێشەممە، محەممەد کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە دواى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى، دەبێت پارێزگار بڕیاری ئەو گۆڕانکاییە کارگێڕییانە دەربکات، چونکە بەگوێرەى یاساى پارێزگاکان ئەو دادگەیە دواشوێنە کە بۆ تانەدان لە بڕیارەکانى ئەنجوومەنى پارێزگا پەناى بۆ ببرێت.
 
.
.
.
.
.
.