زیقار رەتیدەکاتەوە هێز دابەزیبێت، بەڵام درۆن "راداری کۆنی" بۆردوومان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای زیقار رەتیدەکاتەوە هێزی ئاسمانیی سەربازی لە سنووری پارێزگاکەی دابەزیبێت، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێت: "بە درۆن هێرش کراوەتە سەر راداری کۆن".
پێنجشەممە، 5ی ئاداری 2026، کۆبوونەوەیەکی ئەمنی بە سەرپەرشتیی هەیسەم حەمدانی، پارێزگار ئەنجامدرا کە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنی تێیدا بەشدار بوون.
پارێزگاری زیقار لە راگەیێندراوێکدا رەتیکردەوە کە هێزی ئاسمانی و سەربازی لە سنووری شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگاکە و بیابانەکانى بەتحا و ئەبوغار دابەزیبن لە زیقار و گوتی: "ئەوەی لەو بارەیەوە بڵاوکراوەتەوە، بنەمای راستی نییە".
دەنگۆی دابەزینی ئاسمانیی هێزی سەربازی و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە زیقار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرابووەوە، بەبێ ئەوەی لەلایەن سەرچاوەی فەرمییەوە پشتڕاست بکرێتەوە.
ئەحمەد ئیبراهیمی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار و گوتەبێژی ئەنجوومەنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دابەزینی ئاسمانی نەبووە، بەڵام ئەوەی روویداوە هێرشکردن بووە بە درۆن بۆ سەر چەند رادارێکی کۆن لە نزیک گرتووخانەی حووت لە ناسریە".
ئەحمەد ئیبراهیمی گوتی: "هێرشەکە دوو رۆژ لەمەوبەر بووە و یەکێک لە درۆنەکان خراوەتە خوارەوە. ئەو رادارانەی بۆردومان کراون، پەکیان کەتبوو".
جووڵەی سەربازیی جیاواز و هێرشی درۆن لە عێراق لە دوای 28ی شوباتەوە زیادی کردووە، ئەو کاتەی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێ کردووە.