فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق: سەرکۆنەی هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکەین

رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق هێرشی "میلیشیاکان" بۆ سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکات و بە "لە یاسادەرچوو" ناویان دەبات.
 
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشی "میلیشیاکان" بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
 
فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، "بە تووندترین شێوە هێرشە تاوانکارییەکانی میلیشیا و گرووپە چەکدارە دەرچوو لە یاسا و دەسەڵاتی دەوڵەت ئیدانە و مەحکوم دەکات، کە هەرێمی کوردستانیان بەئامانج گرتووە بە هێرش کردنە سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون و شوێنە گشتییەکان، کە بووە هۆی برینداربوون و زیانگەیشتن بە هاووڵاتییانی بێتاوان".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەم هێرشانە کردارێکی تیرۆری ئاشکرا و پێشێلکردنی گەورەی دەستوور و سەروەری دەوڵەتن و جارێکی تر مەترسیی چەکی بێکۆنترۆڵ دەردەخەن، کە بووەتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ ئاسایشی هاووڵاتییان و سەقامگیری وڵات".
 
رۆژی شەممە 28ـی دووی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەوانیش بە هێرشکردنە سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و هێرشکردنە سەر ئیسرائیل وەڵامی دایەوە.
 
ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە لە عێراق، لە سەرەتا جەنگەکەوە بە دەیان درۆن هێرشیانکردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و زۆرینەی بۆ سەر هەولێری پایتەخت بوون
 
دەقی راگەیێندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق 
 
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە توندترین شێوە هێرشە تاوانکارییەکانی میلیشیا و گرووپە چەکدارە دەرچوو لە یاسا و دەسەڵاتی دەوڵەت ئیدانە و مەحکوم دەکات، کە هەرێمی کوردستانیان بەئامانج گرتووە بە هێرش کردنە سەر ناوچە نیشتەجێییەکان و شوێنە گشتییەکان، کە بووە هۆی برینداربوون و زیانگەیشتن بە هاووڵاتیانی بێتاوان.
 
ئەم هێرشانە کردارێکی تیرۆری ئاشکرا و پێشێلکردنی گەورەی دەستوور و سەروەری دەوڵەتن و جارێکی تر مەترسیی چەکی بێکۆنترۆڵ دەردەخەن، کە بووەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ ئاسایشی هاووڵاتیان و سەقامگیری وڵات. 
 
ئامانجگرتنی شارەکان و ماڵە ئارامەکانی هەرێمی کوردستان تاوانێکی قێزەون و مەحکومکراوە بە هەموو پێوانەیەک و بێ سەرکۆنەکردن و لێپرسینەوە تێ ناپەڕێت.
 
لەبەر ئەم هەڵچوونە مەترسیدارە، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەین بە هەنگاوی خێرا و یەکلاکەرەوە کار بکات بۆ کۆتاییهێنانی ئەم گرووپە توندڕەو و دەرچوو لە یاسایانە، هەروەها دۆزینەوە و دادگاییکردنی ئەو لایەنانەی بەرپرسیارن لەم هێرشانە و ڕێگە نەدان بە هیچ هێزێکی چەکدار بۆ کارکردن لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت. 
 
بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە بێ ڕاگرتنێکی ڕاستەقینە، لاوازکردنی مەترسیداری شکۆى دەوڵەتە لەخۆیدا و پرسیاری جدی دروست دەکات لەسەر توانای حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی هاووڵاتیان.
 
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
 
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق