سەرۆکایەتییەکانی عێراق: رێگە نادەین خاکەکەمان بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانمان بەکاربهێندرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبوونەوە و رایانگەیاند، رەتیدەکەنەوە خاکی عێراق وەک سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت، جەختیشیان لە پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ی ئازاری 2026، لە کۆشکی بەغدا، کۆبوونەوەی لوتکەی سەرۆکایەتییەکان بە بەشداریی لەتیف رەشید سەرۆککۆمار، هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بەڕێوەچوو.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، رەوشی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوخۆی عێراق بە وردی تاوتوێ کران، سەرۆکایەتییەکان پشتگیریی خۆیان بۆ رێکارەکانی حکومەت دەربڕی لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەروەریی وڵات و پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان.
 
لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە: "عێراق رەتیدەکاتەوە خاکەکەی بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت، لە هەمان کاتدا هەموو جۆرە هێرشێک بۆ سەر شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان رەتدەکەینەوە و بە پێشێلکاریی سەروەریی نیشتمانیی دەزانین."
 
سەرۆکایەتییەکان داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بە پەلە بکەونە خۆ بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان و جەختیان کردەوە کە دیالۆگ و رێگەی دیپلۆماسی تەنیا بژاردەن بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە مەترسییەکانی جەنگ.
 
لەسەر ئاستی ناوخۆ، جەخت لە تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان و بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی کرایەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکان، لەگەڵ بەردەوامبوونی حکومەت لە پرۆسەی چاکسازی و باشکردنی بژێوی و خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییان.
 
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکایەتییەکان هۆشدارییان دا لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و رایانگەیاند، رێکاری یاسایی و دادوەری بەرامبەر هەر کەسێک دەگیرێتە بەر کە هەڕەشە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی ناوخۆیی وڵات بکات.