مالیکی: پێویستە عێراق نەچێتە نێو میحوەرەکانەوە
رووداو دیجیتاڵ
نووری مالیکی رایگەیاند، پێویستە حکومەتی داهاتووی عێراق رێچکەیەکی نیشتمانیی سەربەخۆ بگرێتەبەر و نەچێتە نێو هیچ میحوەرێکی ململانێوە. هاوکات نووسینگەکەی دەنگۆی کشانەوەی لە بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران رەتدەکاتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 05-03-2026، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی (X) رایگەیاند: "دەبێت عێراق ببێتە رەگەزێکی کارای هاوسەنگی لە دەوروبەری هەرێمیی خۆیدا؛ بڕوامان وایە گفتوگۆ و تەواوکاریی ئابووری، کورتترین رێگەن بۆ چەسپاندنی سەقامگیری."
مالیکی هیوای خواست حکومەتی چاوەڕوانکراوی عێراق، پەیڕەوی لە رێبازێکی نیشتمانیی سەربەخۆ بکات و نەچێتە نێو هیچ جەمسەرێکی ململانێوە، بەڵکو کار بکات بۆ بنیاتنانی هاوبەشیی نێودەوڵەتیی پتەو لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی وڵات.
ئەم پەیامەی مالیکی لە کاتێکدایە کە دەنگۆی کشانەوەی لە بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لە میدیاکان بڵاوبووەتەوە، بەڵام هیشام روکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی مالیکی، بۆ رووداو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و گوتی: "ئەو قسانە راست نین و هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ کشانەوەی مالیکی لە ئارادا نییە."
نووری مالیکی لە 24ـی کانوونی دووەمی 2026، لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە بە زۆرینەی دەنگ وەک بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاریکرا. سێ رۆژ دوای ئەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی گەڕانەوەی مالیکی هۆشداریی دا و رایگەیاند، ئەگەر ئەو ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران، ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ عێراق دەوەستێنێت.