باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق: دوودڵ نابین لە بەرگریکردن ئەگەر حکومەتی عێراق نەتوانێت
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، بە ئامانجی کوشتنی دیپلۆماتکارەکانیان هێرش کراوەتە سەر دامەزراوەکانیان. دەشڵێت، "دوودڵ نابین لە بەرگریکردن لە فەرمانبەران و دامەزراوەکانمان ئەگەر حکومەتی عێراق نەتوانێت ئەوە بکات."
گوتەبێژێک بەناوی باڵیۆزخانەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو هێرشانەوە بڵاوکردەوە شەوی رابردوو کراونەتە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانیان.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "میلیشیای تیرۆریستیی عێراقیی وابەستەی ئێران دوو هێرشی قێزەونیان کردووەتە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق وەک هەوڵێک بۆ تیرۆرکردنی دیپلۆماتکارانی ئەمریکا، ئەوە جگە لە سەدان هێرشی دیکە لەناو خاکی عێراقدا کە هاووڵاتیانی ئەمریکی لە وڵاتانی دراوسێ و دامەزراوەکانی دەوڵەتانی عەرەبی و هاووڵاتیانی سڤیلی بە هەرێمی کوردستانیشەوە کردووەتە ئامانج کە لە چەند هەفتەی رابردوودا ئەنجامدراون."
ئەو گوتەبێژەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاندووە، لە گەرمەی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر نێردە دیپلۆماسییەکانیان، چەندین جار هانی حکومەتی عێراقیان داوە دەستبەجێ بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ بکات لە راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی ئەمریکا و رێگری بکات لە گرووپە چەکدارەکان بۆ بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ئەنجامدانی هێرش.
ئەو گوتەبێژە دەڵێت: "دوودڵ نابین لە بەرگریکردن لە فەرمانبەران و دامەزراوەکانمان ئەگەر حکومەتی عێراق نەتوانێت پابەند بێت بە پابەندییەکانی."
ئەو هێرشانە بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە بەغدا و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە 28ی شوباتەوە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق دەستی پێکردووە.
گوتەبێژەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت: "ئەگەر زانیاریتان هەیە لەسەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەگەری هەیە شایستەی پاداشت بن کە دەگاتە سێ ملیۆن دۆلار بۆ ئەو کەسەی کە زانیارییەک بدات کە ببێتە هۆی ئاشکراکردنی ناسنامە یان شوێنی ئەو میلیشیا تیرۆریستییانەی بەرپرسن لەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق."